دوو چالاکی مەدەنی و کولتووری شاری شاباد لە پارێزگای کرماشان، پاش تێپەڕینی زیاتر لە دوو حەوتوو هەروەها دەسبەسەرن و لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەشن.
پاش تێپەڕینی دوو حەوتوو لە دەسبەسەرکرانی “داریووش مورادی”، ئەندامی دەستەی نووسەرانی ماڵپەڕی کولتووری_ئەدەبیی هەسارە، و “ئانیسا جەعفەریی مێهر”، ئەندامی دەستەی نووسەرانی وەرزنامەی ئەدەبی و هونەریی” ژ” و مامۆستای زمانی کوردی، هەروەها لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کرماشان راگیراون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە ڕایگەیاند کە ئەو دوو چالاکە کوردە لەو ماوەی دەسبەسەربوونیاندا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بوون و تەنیا دوو جار ئیزنیان پێدراوە بە شێوەی تلفۆنی لە گەڵ بنەماڵەکانیان پێوەندی بگرن.
جێگای ئاماژەیە رۆژی دووشەممە، ٣ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی سپای پاسدارانی کرماشان هێرشیان کردە سەر ماڵی داریووش مورادی و ئانیسا جەعفەریی مێهر و دەسبەسەریان کردن و دوای پشکنینی ماڵەکانیان دەستیان بە سەر کەلوپەلی کەسیی ئەو دوو کەسەدا گرتووە .
شایانی باسە کە تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەم دوو چالاکە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.