سەعید نمەکی، وەزیری تەندروستی ڕێژیمی ئێران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێ: ئێمە لە بواری بەرهەمهێنانی پێکوتی دژە کۆرۆنادا لە جیهاندا پێشڕەوین.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی”تەسنیم” سەعید نمەکی وەزیری تەندروستی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی سەرماوەزی٩٩ی هەتاوی لە کۆبوونەوەی ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ڕایگەیاند زانستی پزیشکی لە ئێران هێندە پێشکەوتووە کە لە بواری بەرهەمهێنانی پێکوتی دژە کۆرۆنا لە جیهاندا لە ڕیزی وڵاتە پێشکەوتووکان داین و پێشڕەوین.
لێدوانی وەزیری تەندروستی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کاتێکدایە کە ئاماری گیانلەدەستدان بە هۆی پەتای کۆرۆناوە لە ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەڵکشاندایە و هەموو ئێرانی بە گشتی تووشی قەیران کردووە و خەڵکی ئەو وڵاتە بە دەست ئەم پەتایەوە دەناڵێنن کە چی وەزیری تەندروستی لە لێدوانەکەیدا دەڵێ: بەڵگەی زۆرمان لە بواری پزیشکی و بەرهەمهێنان بە دەستەوەیە کە دەیخەینە بەردەست کۆمەڵگەی پزیشکی جیهانی و بە هەموو جیهان دەسەلمێنین کە ئێران یەکێک لە وڵاتە پێشڕەوەکانە لە بەرهەمهێنانی پیکوتی دژە کۆرۆنا و لە جیهاندا قسەی بۆ گوتن هەیە.
نمەکی، لە درێژەی لێدوانەکەیدا بەجەختکردنەوە لە هەمبەر ئەوەیکە لە ماوەی ٥٦ ڕۆژدا دەمامەک”ماسک”مان بەرهەمهێنا و دەمانتوانی هەناردەی وڵاتانی دەرەوەی بکەین.
شایانی باسە کە لێدوانەکانی بەرپرسانی تەندروستی ڕێژیمی ئێران، هەمووی بە پێچەوانەی یەکترن وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕادەگەینێ کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٣٢٤ کەس بە هۆی پەتای کۆرۆناوە گیانیان لە دەستداوە و ئێران بە گشتی بە هۆی تەشەنە سەندنی پەتای کۆرۆناوە لە دۆخی سوور و مەترسیدایە و لە لایەکی دیکەوە وەزیری تەندروستی دەڵێ: جیهان چاوەڕوانی پێکوتی دژە کۆرۆنای ئێرانیی بێت.
پێویستە بگوترێ کە گاڵتەجاڕییەکانی وەزارەتی تەندروستی ڕێژیمی ئێران، لە هەمبەر چارەسەری پەتای کۆرۆنا، گەیشتۆتە ئاستێک کە ڕۆژێک بانگەشە بۆ چارەسەری پەتای کۆرۆنا بە میزی”وشتر” دەکا و ڕۆژێک بە شەربەتی “ئیمام کازم” و ڕۆژێکی دیکە بە ساجی سپای پاسداران کۆرۆنا لە لەشی مرۆڤەکاندا دەدۆزێتەوە و ڕۆنی بەنەفشەش بەرهەمێکی دیکەیان بوو و ئیستاش ئیددعای ئەوە دەکا کە لە بەرهەمهێنانی پێکوتی دژە کۆرۆنای ئێرانیی لە جیهاندا پێشڕەوە.