ڕۆژنامەی کەیهان کە سەر بە”عەلی خامنەی”یە بە جەختکردنەوە لە سەر ئەوەیکە ئێران دەبێ لە ڕۆژانی داهاتوودا، لە هەمبەر کوژرانی”موحسێن فەخریزادە” کاردانەوەی هەبێ، داوایکردووە کە “هێرشێکی بەهێزی سەربازی” بکرێتە سەر ئیسرائیل.
حوسێن شەریعەتمەداری، سەرنووسەری ڕۆژنامەی”کەیهان” ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی سەرماوەزی٩٩ی هەتاوی، ئیددیعای ئەوەیکرد کە هیچ سیستمێکی بەرگری توانای دژکردەوەی لە هەمبەر هێرشی مووشەکی بالیستیکی ئێراندا نییە و هێرش بۆ سەر ئیسرائیل دەبێتە هۆی گۆڕینی هەموو موعادلاتە سیاسی و سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.
سەرنووسەر لە درێژەی بابەتەکەدا ڕەخنەی توند لە “ڕۆحانی” دەگرێ و دەڵێ: نابێ سەرۆک کۆمار بڵێ تۆڵەکردنەوەی کوژرانی “فەخریزادە” دەخەینە کاتێکی گونجاو، لە بەرئەوەیکە ئیسرائیل بەو قسانەی سەرۆک کۆمار وا بیر دەکاتەوە کە ئێران ناتوانێت تۆڵەی “فەخریزادە” بکاتەوە و بە ئارەزووی خۆی کەسانی بیرمەند و زانای ئێرانی دەکوژێ.
شایانی باسە کە سەرۆککۆماری ئێران، چەند ڕۆژ لەمەوپێش ئیسرائیلی بە کوشتنی “فەخریزادە” تاوانبار کرد و گوتی تۆڵەی کوژرانی لە کاتێکی گونجاودا دەکەینەوە بەڵام توندئاژۆکانی سەر بەخامنەیی، داوا دەکەن کە بە زووترین کات هێرش بکرێتە سەر ئیسرائیل.