ئاندرو ویلکی نوێنەری پارلمانی فیدرالی ئوسترالیا، لە کۆبوونەوەی پارلمانی ئەو وڵاتەدا لە سکاڵایەکدا داوای لە حکوومەتی ئوسترالیا کردووە، کە پشتگیری لە دیارییکردنی چارەنووسی گەلی و هەروەها دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ بۆ بەدەستهێنانی ئاواتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی گەلی کورد و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد بکات.
ویلکی لە بەشیکی داواکەیدا دەڵێ:کورد زیاتر لە یەک سەدەیە شەڕی بەدەستهێنانی دەوڵەت دەکات و خەباتی بە کۆمەڵ بۆ سەروەری، بە چەوسانەوە و ئازار و توندوتیژی جواب دراوەتەوە و هەر جووڵەیەک بەرەو سەربەخۆیی کات به کات لە ناو بردراوە . لە سکاڵانامەکەدا داوا لە پارلمان کراوە کە ئەوە بناسێنێت کە گەلی کورد شایستەی ئەو نیشتیمانە بووە کە لە دوای شەڕی جیهانی یەکەمەوە لەلایەن هێزە سەرەکییەکانی جیهانەوە پشتگوێ خراوە.
مافی خۆبەڕێوەبردن له نێو یاسای نێودەوڵەتیدا ده رکراوە کە بێگومان ئەوە بنەمایەکی بنەڕەتیی سیستمی نێودەوڵەتییە کە خەڵک مافی پێکهێنانی حکوومەتی سیادیی هەبێت و ئازادانە بەبێ دەستتێوەردان بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات . پێویستە گەلی کورد ئەم مافەی هەبێ، هەربۆیە داوا لە حکوومەتی ئوسترالیا دەکەم کە بە ئاشکرا پشتگیری لە مافی چارەنووسی گەلی کورد بکات .












