“ناهید تەقەوی” هاووڵاتی ئێرانی- ئاڵمانی سەرەڕای تێپەڕبوونی ۵۰ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی لە ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ئێڤین چارەنووسی ناڕوونە و ناوبراو ڕۆژی ڕابردوو لە پێوەندییەکی کورتی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا باسی لە دۆخی نالەباری خۆی لە ژووری تاکەکەسیدا کردووە و لە ماوەی دەسبەرکرانیدا دوو جار توانیوە لەگەڵ بنەماڵەکەی پێوەندی بگرێ.
ناهید تەقەوی تەمەنی ۶۶ ساڵە و ماوەیەک لەوەی پێش نەشتەگەریی بۆ کرابوو و ئێستاش لەگەڵ نەخۆشییەکی درێژخایەن دەستوپەنجە نەرم دەکات و بەرپرسانی بەندیخانەش هیچ گرینگییەک بە باری تەندروستی ناوبراو نادەن و ناهید و دەیان کەسی دیکەش بە هەمان شێوە لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێران لە وەها بارودۆخێکدا دەژین.
جێی ئاماژەیە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هیچ خزمەتگوزارییەکی تەندروستی بە بەندکراوانی بەندیخانەکان بە گشتی و بەندکراوانی سیاسی ناگەیەنن و بە هیچ شێوەیەک ژیانی ئەو بەندکراوانەیان بە لاوە گرینگ نییە.