جێگری پێشووی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران بۆ کاروباری ژنان و بنەماڵەکان، بە تۆمەتی” خستنەڕووی زانیاری و بەڵگەی نهێنی بە دژی بەرپرسانی ڕێژیم بە مەبەستی شێواندنی ئاسایشی وڵات” ٢ساڵ زیندان و بە هۆی” چالاکیی و پڕوپاگەندە بە دژی ڕێژیم” بە ٦مانگ زیندان حوکم درا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی” فارس “ڕۆژی شەممە ١٥ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی لە دانیشتنی کۆتایی دادگای سەبارەت بە تاوانەکانی”شەهیندۆخت مۆلاوێردی” جێگری پێشووی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران بۆ کاروباری ژنان و بنەماڵەکان، لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ڕێژیم لە تاران، ناوبراو بە تاوانبار ناسراو و سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا.
مۆلاوێردی” پێشتریش لە لایەن دادگای تاوانەکانی لقی ٢ی تارانەوە بە تۆمەتی”هاندانی خەڵک بەتایبەتی ژنان بۆ لادانی سەرپۆش” بە تاوانبار ناسرا بوو.
شایانی باسە کە ناوبراو ماوەیەک پێش ئێستا لە کاناڵی تێلێگرامییەکەی خۆی و لە ڕۆژی جیهانی بنەماڵەدا، چەندین کورتە ڤیدیۆئۆی بڵاوکردەوە کە تێیدا بنەماڵەکان زیاتریان هاوڕەگەزباز بوون و “مۆلاوێردی” نووسیبووی کە لە چەندین ساڵی ڕابردوودا شێوەی ژیانی بنەماڵەکان لە جیهاندا ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بنەماڵە وەکوو سەرەکیترین بناغەی پێکهێنەری کۆمەڵگە دەزانن، بەڵام بە داخەوە لە وڵاتی ئێران لە سەر سەرپۆشلادانی ژنان لە شوێنەگشتییەکان و تەنانەت نێو بنەماڵەکانی خۆیان کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆندترین شێوە سزایان دەدا.