کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان، لە هەمبەر پێنەدانی مووچەکانیان لە لایەن بەرپرسانی گەندەڵەوە رۆژبەڕۆژ لە ئێران زیاتر پەرەدەستێنێ.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی”هێرانا” ڕۆژی شەممە ١٥ی سەرماوزی ٩٩ی هەتاوی، ٦ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کرێکاران لە شارەکانی ئێران، لە هەمبەر پێندانی مووچەکانیان و گوێنەدانی بەرپرسەکان بە خواست و ویستەکانیان بەڕێوەچوو.
کرێکارانی شارەوانی “سیدوونی باغمەلەک” لە بەردەم بینای شارەوانیی ئەو شارە ، کۆبوونەوەی کرێکارانی شارەوانیی بەندەر لەنگە لە بەردەم دەفتەری پێشنوێژی هەینی، کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی ناڕازی شاری بەندەری خومەینی لە بەردەم بینای دادگوستەری وکۆبوونەوەی ناڕەزایەتی هەندێک لە هاوڵاتییانی ماهشەهر لە بەردەم فەرمانداری ئەو شارە بەڕێوە چوو.
یەکێک لە کرێکارانی شارەوانی “سیدوونی باغمەلەک” بە هەواڵدەریی “هێرانا”ی ڕاگەیاندووە کە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە و تائێستا ٨ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و بەرپرسانی شارەوانی بەڵێنییەکانی خۆیان لە هەمبەر پێدانی مووچەکانمان جێبەجێ ناکەن و پشتگوێی دەخەن و تا ئێستاش دیار نییە کە چ کاتێک دەیانهەوێت مووچەکانمان دابین بکەن.
ئەم کرێکاری شارەوانییە لە درێژەدا دەڵێ: لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییەکدا کە حەوتووی پێشوو بەڕێوەمان برد سەرۆکی شارەوانی” سیدوون” بەلێنی پێداین کە بە زووترین کات کێشەکانمان چارەسەر بکا و مووچە دواکەوتووەکانمان پێبدەنەوە بەڵام تا ئێستا بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ نەکردووە.
هەروەها کرێکارانی ناڕازی ڕایانگەیاند کە ئەندامانی شۆرای شار و بەرپرسانی شارەوانی تەنیا دەیانهەوێت گیرفانی خۆیان پڕ بکەن و بۆیان گرینگ نییە کە ئێمە ٨ مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە و ناتوانین سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانمان دابین بکەین.