لە سیستان و بەلووچستان خەڵک بۆ بژێوی ژیانیان ناسنامەکانیان بە کەسانی بیانی دەفرۆشنەوە.
موعینەدین سەعیدی نوێنەری خەڵکی “چابەهار” لە مەجلیسی ڕێژیم، بە ئاماژە بە فرۆشتنی ناسنامەی خەڵکی باکووری سیستان و بەلووچستان گوتی: لە باکووری ئەم پارێزگایە، ئێمە دیاردەیەکمان بە نێوی فرۆشتنی ناسنامە هەیە و هاووڵاتییان بەهۆی هەژاری و بۆ بژێوی ژیانیان، ناسنامەکانیان بە خەڵکی ئەفغانستان دەفرۆشنەوە.
سەعیدی هەروەها بە ئاماژە بەوەیکە زۆربەی خەڵکی پارێزگای سیستان و بەلووچستان ناسنامەیان نییە، گوتی: هاووڵاتییانی ئەم پارێزگایە بەهۆی ئەوەیکە پارەی تاقیکردنەوەی ” دی ئێن ئەی”گرانە و ئەوانیش توانای دابینکردنیان نییە، ناسنامە وەرناگرن، بە تایبەت سەردانکردنی گوندنشینان بۆ ناوەندی ئەو پارێزگایە زۆر ئەستەمە و لەوەرگرتنی ناسنامە بێبەشن.
جێی ئاماژەیە کە ڕیژیمی ئێران خەڵکی پارێزگای سیستان و بەلووچستانی بە هۆکاری دوژمنایەتی ڕێژیم لە گەڵ هەموو دین و مەزهەبە جیاوازەکاندا بە تەواوی خستۆتە پەراوێزەوە و هیچ خزمەتگوزارییەکی بە خەڵکی ئەو پاریزگایە نەگەیاندووە و بژێوی ژیانی هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە تەنیا لە ڕێگای هەوڵ و هیمەتی خۆیانەوە بەدەست دێ و ڕێژیم هێچ هاوکاری و هەلی کاری بۆ نەڕەخساندوون.