ماریا زاخاراف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیە لە كاردانەوە بەو ڕاپۆرتانه‌دا که لەبارەی دەسپێكی دروستكردنی دوو نیروگای ئەتۆمیی دیکه ئێران لە بڵاوبونه‌ته‌وه، ده‌ڵێ شتی وا له گۆرێ‌دا نییه‌و له‌وانه‌یه ئێرانییەكان زانیارییەكانیان بە هەڵه وەرگرتبێ.
بێهروز كەماڵوەندی، وتەبێژی ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، ڕۆژی سێشەممە گوتبووی كە ڕووسیە دروستكردنی لە حەوتووی داهاتووڕا دوو نیروگای ناوكیی نوێ لە ئێران دەست پێدەكا. ئەمەش لە حاڵێك دایە كە هەواڵدەریی ئینترفاكسی ڕووسی دەڵێ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیە لە وەڵامی پرسیارێكدا حاشای له‌وه گردوه‌و گوتویه‌تی که لەوانەیە زانیارییەكان بە هەڵە وه‌رگیرابن.
ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران خەزەڵوەری ساڵی پێشوو گوتبووی بەگشتی لە پارێزگای بووشێهر ٥ نیروگای ئەتۆمیی دیکه دروست دەكرێ، بەڵام ئەم نیروگایانە پاش كۆتایی قۆناخی دروستكردنی ئه‌و دوو نیروگایە ده‌بن که قه‌راره لەسەریان ڕێك بكەون.
باس له دروستکردنی کۆمه‌ڵێک نیروگای ئه‌تومیی دیکه له ئێران له حاڵێک دایه که دروستكردنی ته‌نیا نیروگای ئێران، واته بووشێهر پێش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ دەستی پێكرد، بەڵام ئێران پاش هاتنه‌سه‌رکاری ڕێژیم دروستكردنی ئەم نیروگایەی بە ڕووسیە سپارد، به‌و حاڵه‌ش دروستكردنی ئەم نیروگایە ١٥ ساڵی كات ویست‌و ئێستاش هه‌موو به‌شه‌کانی وه‌کار نه‌خراوه.