لە درێژەی زیادکردنی گوشارەکانیدا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا ڕایگەیاند کە دوو کەس و دوو کۆمپانیای پێوەندیدار بە ڕێژیمی ئێرانی خستە لیستی گەمارۆکانەوە.
وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کۆمپانیای “گرووپی مەیسەمی” و بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایەی خستە لیستی گەمارۆکانەوە.
ئەمریکا گرووپی مەیسەمی سەر بە ڕێکخراوی “توێژینەوە و نوێکردنەوە”ی وەزارەتی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم دەزانێ کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادایە.
لەم بەیاننامەیەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوە کە، بە پێی ئەم گەمارۆیانە، تەواوی دارایی ئەو کەسانەی کە لە ئەمریکان، دەبێ بلۆکە بکرێن و بە دەفتەری کۆنترۆڵی داراییەکانی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕابگەیندرێت.
ئەمریکا تائێستا چەندین کۆمپانیا و بەرپرسی ئێرانی و جیهانی بەهۆی ئەوەیکە ڕۆڵیان هەبووە لە کڕین و فرۆشتن یان دەستیان هەبووە لە ئاسانکاری بۆ دابینکردنی ئەو کەلوپەلانەی کە گەمارۆیان خراوەتە سەر بۆ ڕێژیمی ئێران، خستۆتە لیستی گەمارۆکانەوە.
لە بەیاننامەی پەسەندکراو لە لایەن دەفتەری کۆنترۆڵی داراییەکانی ئەمریکا لەم بارەوە هاتووە کە، “سەید پەرویز فەتاح” بەرپرسی “بۆنیادی مستەزعەفان” و کۆمپانیاکانی پێوەندیدار بەو ڕێکخراوە و “مەحموود عەلەوی” وەزیری “ئیتلاعات”ی ڕێژیمی ئێران، لە لیستی نوێی گەمارۆکاندان.