ڕەسووڵ حەمەمرادی، باوکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان رۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، کاک”ڕەسووڵ حەمەمرادی” باوکی دووشەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوەکانی شەهیدان” نادر و تاهیر حەمەمرادی” خەڵکی گوندی “پاشبڵاغ” لە ناوچەی بۆکان بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیانکرد.
شایانی باسە کە کاک” ڕەسووڵ حەمەمرادی” لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و دێموکراتدۆست ژیاوە و بە هۆی خۆشەویستی بنەماڵەکەی بۆ کورد و کوردستان و لە پێناو ئامانجە پیرۆزەکانیان بۆ ڕزگاری کوردستان و گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد دوو کوڕی بە ناوەکانی شەهیدان” نادر و تاهیر حەمەمرادی” پێشکەش بە بارەگای ئازادیی کوردستان کردووە.
جێگای ئاماژەیە کە شەهیدان “نادر و تاهیر” ڕۆژی ٤ی رەزبەری ۱۳٦۳ لە نێوان گوندەکانی چواردیوار و پاشبڵاغ دەکەونە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە هەر لە یەکەم تەقە “تاهیر” شەهید دەبێ بەڵام “نادر’ بە شەهید بوونی براکەی، نەک ورەی بەرنەدا بەڵکوو بەسەر دوژمندا هاواری دەکرد و بەرەنگاریان دەبێتەوە، شەهید “نادر” پێنج کەسی لە خۆفرۆشانی بە سزای خەیانەتەکانیان گەیاند و ٩کەسیشی لە چەکدارەکانی ڕێژیم بریندار کرد و پاش دوو سەعات شەڕ و بەربەرەکانی لە گەڵ دوژمنانی گەلی کورددا ئاخرین گولـلەی لە سەری خۆی دەدا و شەهید بوونی لە پێناو گەل و نیشتمانەکەیدا لە بەرامبەر تەسلیم بوون بە داگیرکەران هەڵبژارد و دەست لە ملی برا شەهیدەکەی قارەمانانە تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی حیزب و گەل بوون.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی کاک” ڕەسووڵ حەمەمرادی” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەین و شەریکی خەمیانین.