کۆنگرەی ئەمریکا خەریکی داڕشتنی یاسایەکی نوێیە کە ڕێکخراوی “بەدر”، کە یەکێک لە گەورەترین گرووپە تێرۆریستییەکانە لە عێراقدا، وەکوو گرووپێک کە لە ژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەییدا چالاکی دەکات، بیخاتە لیستی تێرۆرەوە.
بەپێی ئەو گەڵاڵەیە کە لەلایەن ڕۆژنامەی “واشینگتۆن فری بیکێن” ئاشکرا کراوە، ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە لە عێراق، بەرپرسایەتی ئەو هێرشانە دەگرێتە ئەستۆ کە دەیانکاتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە.
گەمارۆ نوێیەکان لەلایەن “جۆ ویلسۆن” نوێنەری کۆنگرە و ئەندامی کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوەی کۆنگرە سەرۆکایەتی دەکرێ و بۆ یەکەمجار ڕێکخراوی بەدر دەخاتە پێڕستی گەمارۆکانەوە کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بوودجەی بۆ تەرخان دەکرێت و گرووپێکی چەکداریی سەر بە سپای پاسدارانی ئەو ڕێژیمەیە کە لە ولاتی عێراق کردەوەی تێرۆریستی دەکات.
ڕێکخراوی “بەدر” بەرپرسی هێرشە مەترسیدارەکانە کە بەرپرسانی پلەبەرزی ئەمریکایی لە بەغدا دەکاتە ئامانج، بۆ نموونە هێرشی ساڵی ڕابردوو کە دەیکردە سەر باڵوێزی ئەمریکا و دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکاش لە دژکردەوەی ئەو هێرشانەدا، قاسم سلێمانی گەورە تێرۆریست و فەرماندەی “سپای قودس”ی کردە ئامانج و کوژرا.
شایانی باسە کە ئەم یاسایە بە پشتیوانیی بەربڵاوی کۆماری خوازان و دێمکراتەکان کە چالاکیەکانی ڕێژیمی ئێران لە عێراق بە هەڕەشەیەکی گەورە دەزانن بۆ سەر دیپلۆماتکارانی ئەمریکایی و ئاسایشی ناوچەکە ئەگەری پەسەندکردنی زۆرە.
جۆ ویلسۆن لە بەیاننامەیەکدا گوتی: ڕێکخراوی بەدر ڕاستەوخۆ لەگەڵ حیزبوڵای لوبنان، حیزبوڵای عێراق، عەسایبی ئەهلی حەق ق زۆری دیکەی گرووپە تێرۆریستییەکان بۆ چالاکی تێرۆریستیەکانیان هاوکاریان هەیە پێکەوە
جێگای ئاماژەیە کە ئەو گرووپە بە شێوەیەکی بەرچاو لە حکوومەت و دەسەڵاتی عێراقدا بەشدارە و بوودجەیەکی زۆریشی لە لایەن ئەو وڵاتەوە بۆ تەرخان دەکری و بە تێرۆریست ناساندنی گرووپەکە لە لایەن ئەمریکاوە گوشاریش دەخاتە دەر حکوومەتی عێراق بۆ دەرکردنیان لە دەسەڵات و حکوومەتی ئەو وڵاتە.