پیشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی “بەربنە”ی پیرانشار بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی”برایم نەبید” ناسراو بە “برایم عەوێز” خەڵکی گوندی “ماشکان” لە ناوچەی بەربنەی پیرانشار بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
شایانی باسە کە مام”برایم” بۆ ماوەی چەند ساڵێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو و بەوپەڕی دڵسۆزی و لەخۆبردووییەوە ئەرکە پێشمەرگانەکانی بەڕێوە بردوو و لە سەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە نێوخۆی وڵات و تا کاتی ماڵاوایی کردن لە ژیان هەموو ئەو ئەرکانەی کە حیزبی دێموکرات پێی سپاردووە بەو پەڕی دڵسووزییەوە جێبەجێی کردووە.
بە بۆنەی کۆچی دوایی مام”برایم”ەوە لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.