ئەندامێکی دێرین و چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری مەهاباد بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، ئەندامێکی دێرین و چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی سەید”ڕەسووڵ نوورانی” ناسراو بە “مامەڕەش” خەڵکی گوندی”بەسرێ” سەر بە شاری مەهاباد بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆناوە ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵە گەورە و پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
شایانی باسە کە کاک سەید”ڕەسوول نوورانی” ئەندامێکی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کەسایەتییەکی خۆشناو و جێگای متمانەی خەڵکی ناوچەکە بووە و بە هۆی بیروباوەڕی بە حیزبی دێموکراتی کوردستان چەندین جار لە لایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئیراندا ئەشکەنجە کراوە.
پێویستە بگوترێ سەرەڕای ئەوەیکە کاک سەید “ڕەسووڵ” چەندین جار لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەو تووشی زیندان و ئەشکەنجە بۆتەوە بەڵام ئازار و ئەشکەنجەکانی بەکرێگیراوانی ڕێژیم چۆکیان بە کاک سەید “ڕەسووڵ” دانەداوە و زیاتر و شێلگیرانەتر لە جاران لە سەر بیر و باوەڕەکەی سوور بووە و خزمەتی بە گەل و نیشتمانەکەی کردووە و تا دوایین هەناسەکانی ژیانی دڵەگەورەکەی بۆ ئازادی کوردستان لێی دەدا و لەو ڕێگایەدا بوێرانە ئەرکەکانی بە باشی و ڕێکوپێکی بەڕێوەدەبرد،
جێگای ئاماژەیە کە کاک سەید”ڕەسووڵ نوورانی” لە کاتی بەخاکسپاردنەکەیشیدا تەرمەکەی بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان داپۆشرابوو و دواتر ئاڵای کوردستان بە سەر گۆڕەکەیدا درا.
لە لەیەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆخەساری كۆچیدوایی کاک سەید” ڕەسووڵ نوورانی” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.