ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری قارەمان و دێموکراتپەروەری سنە بۆ پێشوازی لە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، شەقام و کۆڵانەکانی ئەو شارەیان بە دروشمی حیزبی و پێشمەرگانە ڕازاندەوە.
بە پێی هەواڵی کۆمیسیونی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنج شەممە ۱۳ی سەرماوەزی ۹۹ی هەتاوی ئەندامان و لایەنگرانی بوێر و چاونەترسی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری هەمیشە دێموکراتی سنە، لەبەرەبەری ۲۶ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و نووسینی دروشمی شۆڕشگێڕانە لە کیوی ئاویەر، بە تایبەت شوێنێکی ئەو کێوە ناسراو بە گوێزەکوێرە و هەروەها لە گەڕەکەکانی ئاغەزەمان، چوارباخ، دوو نۆزدە، سێ نۆزدە و چوار نۆزدەی بەهارانی شاری سنە، بە نووسینی دروشمی حیزبی و شۆڕشگێڕانە بەرەو پیلی ئەو ڕۆژە نەتەوەییە چوون و سەلماندیان کە هیچ بستێکی خاکی کوردستان شوێنی مانەوەی داگیرکەران نییە و خەڵک ئامادە و وەفادارە بە ڕێگا و ڕێبازی دێموکرات بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەرانی کوردستان.
لە لایەن کۆمیسیونی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە دەسخۆشی و ماندوونەبوونی لە هاوڕێیانی بوێر و بە ئەمەگی خۆمان لە شاری سەربەرزی سنە دەکەین و هیوای سەرکەوتنی زیاتریان لە کار و چالاکییەکانیاندا بۆ بە ئاوات دەخوازین.