مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ: ڕێژیمی ئێران خەڵکەکەی بە کوشتن و ئازار و ئەشکەنجە ترساندووە و خەڵکی ئێران لە بەرپرسانی گەندەڵی ڕێژیم زۆر ناڕازین وچاوەڕوان دەکرێ هەرکات وسات وەکوو بۆمب بتەقێتەوە.
مایک پۆمپێئۆ ڕۆژی هەینی ١٤ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی لە وتووێژێکی ڕۆژنامەوانیدا لە دوای دانیشتنی “مەننامە” گوتی: ڕێژیمی ئێران ڕێژیمێکی تێرۆریستە و سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشاری” ئەمریکا بە دژی ئێران وڵامدەر بووە و دەبێ دەوڵەتی داهاتووی ئەمریکاش درێژەدەری ئەم سیاسەتە بێت و ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نەدات پارەی بۆ پشتیوانیکردن لە گرووپە و میلیشیا تێرۆریستەکان دەستبکەوێ.
ناوبراو لە درێژەی وتووێژەکەیدا دەڵێ: ئەمریکا بۆ نیشاندانی هێڵی سوور بە ڕێژیمی ئێران و بۆئەوەیکە بیسەلمێنێ ئەگەر ڕێژیمی ئێران کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە نەهێنێ، دەتوانێ ئەو ڕێژیمە بە چوکدا بێنێ، “قاسم سلێمانی” فەرماندەی سپای قودسی ئێران و گەورەترین تێرۆریستی جیهانی لە پەنا دەستی خۆی کوشت.
پۆمپێئۆ هەروەها گوتی: دەوڵەتی ئەمریکا بۆ گوشار خستنە سەر ڕێژیمی ئێران گەمارۆی خستۆتە سەرهەموو ئەو گرووپە میلیشیایانەی سەر بە ڕێژیمی ئێران و لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانمان هاویشتوون و بە یارمەتی هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکە و جیهاندا ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادەین هەرجۆر کە پێی خۆشبێ هێرش بکاتە سەر وڵاتان و کردەوەی تێرۆریستی بەڕیوە ببا.
ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ: ئێمە هیوادارین کە دەوڵەتی داهاتووی ئەمریکاش بە سەرۆکایەتی “جۆبایدن” درێژەدەری ئەم سیاسەتە بێت و ئیزن بە ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران نەدات کە ئاژاوە و بشێوی لە ناوچەکە و جیهاندا بخولقێنێ.