ڕێبەری حیزبی”یامینا”ی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بوونی”موحسێن فەخریزادە” سەرپەرشتی بەرنامەی ناوکی و مووشەکیی ڕێژیمی ئێران بۆ جیهان زۆر مەترسیدار بوو.
نەفتالی بێنت، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل و ڕێبەری حیزبی”یامینا”،ڕۆژی هەینی ١٤ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا بە هەواڵدەریی”بلۆمبێرگ”ی گوت: هەبوونی”موحسێن فەخریزادە” سەرپەرشتی بەرنامەی ناوکی و مووشەکیی ڕێژیمی ئێران و بەرپرسی باڵای سپای پاسداران، بۆ جیهان بە گشتی و بەتایبەت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر مەترسیدار بوو و جیهان بەبێ هەبوونی”فەخریزادە” شوێنێکی پڕ لە ئاشتی و پێکەوە ژیان دەبێ.
ناوبراو لە درێژەی ئەم چاوپێکەوتنەدا وێڕای ئەوەیکە ڕایگەیاند کە ئاگامان لێی نییە چ کەس و وڵاتێک ئەم پاسدارە تێرۆریستەی کوشتووە گوتی: زۆر خۆشحاڵین بە کوژرانی”فەخریزادە” و پێشوازی لە هەر جۆرە هەوڵێک بۆ کوشتن و لە ناوبردنی ئەو تێرۆریستانە دەکەین کە مەترسین بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری جیهان.
بێنت، هەروەها ڕایگەیاند کە”موحسێن فەخریزادە” نەتەنیا کێشەیەکی گەورە بۆ ناوچەکە بوو، بەڵکوو پلاندانەری گەورەی بەرنامەی ناوکی و چەکی کۆمەڵکوژ و هەڕەشەیەکی گەورە بوو بۆ سەر ئاشتی و پێکەوە ژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و جیهان بەبێ هەبوونی ناوبراو شوێنێکی ئارام و بێ کێشە دەبێ.












