هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ورمێ، لە لایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە ۶ ساڵ و ۶ مانگ بەندکران حوکم درا.
ڕۆژی سێشەممە ۴ی سەرماوەزی ۹۹ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی ئیسلام ئاوای ورمێ بە ناوی “ئیحسان عەبدی زادە” تەمەن ٢٥ ساڵ، لە لایەن دادگای پێداچوونەوە، به ۶ ساڵ و ۶ مانگ بەندکران حوکم درا.
ئەم هاووڵاتییە کە پێشتر لە لایەن دادگای گشتی ورمێ بە تۆمەتی بەشداریکردن لە تێکدان و سووتاندنی موڵکی گشتی، ساز کردنی ئاژاوە و بشێوی لە ڕێسای گشتیی کۆمەڵگا، سووکایەتی بە بەرپرسانی حکوومی و لەناوبردنی بەڵگەنامە حکوومییەکان لە ڕێگای سووتاندنییانەوە، سزای ۲۴ ساڵ بەندکران و ٧۴ زەربە قەمچی بۆ دەرچووبوو کە لە دادگای پێداچوونەوەدا سزاکەی بۆ ۶ ساڵ و ۶ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.
جێی ئاماژەیە کە ڕۆژی ١ی خەزەڵوەری ۹۶ی هەتاوی، سەدان کەس لە دانیشتوانی شارەکی ئیسلام ئاوای ورمێ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەستدریژی فەرمانبەرێکی قوتابخانەی ”راه شهدا“ بۆ سەر کچە قوتابییەکی تەمەن ١٢ ساڵی کورد لە پێش ئەو قوتابخانەیە کۆبوونەوە کە بە هۆی دەستێوەردانی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم ئاڵۆزی دروست بوو و لەئاکامدا دەیان کەس دەسبەسەر و ١١ کەسیش بریندار کران.
شایانی باسە دوای دەستێوەردانی ئەو هێزانە، خەڵکی ناڕازی قوتابخانە و بنکەی بەسیجی مزگەوتی قودسیان ئاگر تێبەردا
جێگای ئاماژەیە لە خەرمانانی ۹۷ی هەتاویدا لە دانیشتنی دادگادا ٣۴ کەس لەوانەی کە بە تۆمەتی ناڕەزایەتی نیشاندان بە دەستدرێژی فەرمانبەرێکی قوتابخانەی ”راه شهدا“ بۆ سەر کچیکی تەمەن ١٢ ساڵی کورد دەستبەسەر کرابوون سەرجەم سزای ۵۰۳ ساڵ بەندکران، لێدانی ١٨٨٠ زەربە قامچی و پێبژاردنی بڕی ٢٧ میلیۆن تمەن پارەیان بەسەردا سەپێندرا.