سێ کەس لە پارێزگای ورمێ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەرکران
بەپێی هەواڵی چاونیوز، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، سەرچاوە هەواڵیەکانی سپای پاسداران ڕایانگەیاند کە، قەرارگای حەمزەی هیزی وشکایی سپای پاسداران، سێ هاونیشتمانی خەڵکی پارێزگای “ورمێ”یان دەسبەسەر کردووە.
سپای پاسداران بەبێ ئاشکرا کردنی هیچ بەڵگەیەک ئیددیعا دەکا کە ئەو سێ کەسە هەوڵی ئەوەیان هەبووە کە عەمەلیاتێکی نیزامی بەڕیوەبەرن.
شایانی باسە کە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی وێنەی سێ کەسی دەست و چاو بەستراو بڵاو کردووەتەوە کە پشتیان لە وێنەکەدا دیارە و سێ چەکی جۆری کەڵاشینکۆف و هێندیک فیشەکیان لەپەنایە و ئەو سێ کەسە هەر سێکیان جلی کوردیان لەبەردایە.
هەتا ئێستا شوناسی ئە سێ کەسە ئاشکرا نەکراون بەڵام گومانی ئەوە هەیە کە ئەم سێناریۆیەی سپای پاسداران بۆ خۆ نواندن لە بەرامبەر شکستی ئیتلاعاتیی لە کوشتنی فەخریزادە بێ.