کادری دەرمانی و پەرەستارانی ناڕازی پارێزگای سنە بە هۆی پێنەدانی مووچەکانیان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە بەردەم بینای ناوەندی تەندروستی شاری سنە بەڕێوە برد.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی”ئیلنا” ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، پەرەستاران و کادری دەرمانی لە ناوەندە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکانی پارێزگای سنە بە تایبەتی شاری سنە، لە هەمبەر پێنەدانی مووچەکانیان و گوێنەدانی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی بە خواست و ویستەکانیان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە بەردەم بینای ناوەندی تەندروستی لە شاری سنە بەڕێوە برد.
لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا بەشێک لە پەرەستاران و کادری دەرمانی ناڕازی شاری سنە بە هەواڵدەریی”ئیلنا”یان ڕاگەیاندوە کە ئێمە لە ناوەندی تەندروستی و نەخۆشخانەکانی شاری سنە، سەرەڕای دۆخی مەترسیداری پەتای کۆرۆنا و ئەو هەموو گوشارەی کە لە سەر کادری دەرمانی و پەرەستارەکانە ماوەی ٦ مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە.
شایانی باسە کە لە بارودۆخی پڕ لە مەترسی پەتای کۆرۆنادا، کادری دەرمانی و پەرەستارەکان لە هەموو کەس زیاتر ڕووبەڕووی مەترسی تووشبوونی پەتای کۆرۆنا دەبنەوە و زۆربەی پەرەستاران و کادری دەرمانی بۆ پاراستنی گیانی تووشبوان بەم پەتایە گیانی خۆیان فیدای سڵامەتی نەخۆشەکان و خەڵک دەکەن و بەجێگەی ئەویکە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە ڕێزیان لێبگیردرێ و پاداشتیان بکەن مووچەی مانگانەکەیان نادەن و بەم شێوەیە کادری دەرمانی لە بارودۆخێکی خراپی ئابووریدا بەسەر دەبەن.
جێگای ئاماژەیە کە ڕێژیمی ئێران هەموو داهاتی وڵاتەکەی خەرجی میلیشیا تێرۆریستەکان لە دەرەوەی وڵات بە مەبەستی دەستێورەدان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان دەکا و لەملاشەوە بەهۆی دزی و گەندەڵییەکانی بەرپرسەکانی ڕێژیمەوە ناتوانێ مووچەی مانگانەی کادری دەرمانییەکانی لە نەخۆشخانەکان کە ئێستا پارێزەی سڵامەتی گیانی خەڵکن بدا.