جۆبایدن سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەڵێ: ئێمە ئیزن نادەین کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پربێت لە چەکی کۆمەڵکوژ.
ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، جۆبایدن، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا، لە وتووێژێکی ڕۆژنامەوانیدا لە گەڵ ڕۆژنامەی”نیۆیۆرک تایمز” ڕایگەیاند کە ئێمە پشتیوانی لە ڕێککەوتنێک دەکەین کە رێژیمی ئێران ڕەچاوی بەڵێنەکانی لە هەمبەر بەرنامەی ناوکی و مووشەکی لە ڕێککەوتنی “بەرجام” بکات.
بایدن لە درێژەی وتووێژەکەیدا بەجەختکردنەوە لە سەر ئەوەیکە ئەمریکا ئیزن نادات کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕ بێت لە چەکی ناوکی و کۆمەڵکوژ گوتی: سیاسەتی دەوڵەتەکەی لە هەمبەر ئاڵوگۆر پێکهێنان لە ڕێککەوتنی “بەرجام” نەگوڕە و کاتێک ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە کە ڕێژیمی ئێران هەموو بەڵێنەکانی لە هەمبەر بەرنامەی ناوکی و مووشەکی جێبەجێ بکا و پێبەندبێ بە بەڵێنەکانی، ئەگینا گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران وەکوو خۆی دەمێنێتەوە.
شایانی باسە کە جۆبایدن لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردن بۆ سەرۆککۆماری دەیگوت کە دەگەڕێمەوە بۆ ڕێککەوتنی “بەرجام” بەڵام ئێستا بە ئاماژەکردن و جەختکردنەوە لە سەر ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران دەبێ پێبەندبێ بە بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی بەرجام هوشداریش بە ئێران دەدات کە دەستێوەردانەکانیان لە ناوچەکە و جیهاندا کەم بکاتەوە و ئەمە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە سیاسەتەکانی دەرەوەی دەوڵەتی ئەمریکا، سیاسەتێکی درێژماوەیە و ئیزن بە ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران نادات کە دەستی بە سەرچاوە داراییەکانی ڕابگات بۆ پشتیوانی کردن لە گرووپە تێرۆریستەکانی لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.