خۆکوژی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی بارودۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری خراپەوە ڕوو لە هەڵکشانە
لەو پێوەندییەدا هاووڵاتییەکی خەڵکی ئیلام بەهۆی کێشەی بژێوی ژیان و نەبوونی کار و کەسابەتەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
لە ڕۆژابنی ڕابردوودا،عەلی قاسمی خەڵکی ئیلام بەهۆی تێکشکاوی ئابووریی کێڵگەی پەلەوەریەکەی، هەر لەوێ لە ڕێگەی خۆخنکاندنەوە کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا.
لەلایەکی دیکەشەوە هاووڵاتییەکی کرماشانی بە ناوی سەعید تەیمووری بەهۆی هەژاری و نەبوونی کار و پیشەوە نەیتوانیوە بژێوی ژیانی خۆی دابین بکات، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
هەرلەم پێوەندییەدا بەپیی هەواڵی “چاونیوز، لاوێکی خەڵکی ئاوایی “دگران” سەر بە شاری سنە بەناوی “کاوە قادری” بەهۆی بێکاری و هەژاری، لە خانەباخێکی شارەکی ساحێلی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
لەلایەکی دیکەشەوە چەند ڕۆژ لەمەوبەر ژنێکی خەڵکی ئاوایی قەباغکەندیی سەر بە شاری میاندواو بەناوی سایە حیسامی، بەهۆی دۆخی خرابی ژیان و نەبوونی بژێوی ژیان، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
جێی ئاماژەیە کە، خۆکوژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژبەڕۆژ لە هەڵکشاندایە و هۆکاری سەرەکیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کێشە کۆمەڵایەتی و دەروونییانەی کە بە هۆی سیاسەتەکانی ڕێژیم لە کوردستان و ئێران بەڕێوەی دەبا.