ئێسلۆڤۆنی و لێتۆنی حیزبوڵلای لوبنانیان وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناساند.
ئەم دوو وڵاتە حیزبوڵلای لوبنانیان وەک گرووپێکی تیرۆریستی کە ئاشتی و سەقامگیری دەخاتە مەترسیەوە، خستیانە لیستی تێرۆری وڵاتەکانیان.
لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵی ڕابردوودا ١٦ وڵات بەتایبەت ئەمریکا، ئاڵمان، هوڵەند، بڕیتانیا، ئارژانتین، کۆلۆمبیا، گواتمالا و هندۆراس، هەر دوو لقی سەربازی و سیاسی حیزبوڵلای لوبنانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا، پێشوازیی لە بڕیاری وڵاتی ”لیتۆنی” کرد کە حیزبوڵڵای لوبنانی بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساندووە و لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە، هاوکاریی وڵاتانی ئورووپایی لەگەڵ ئەمریکا، دەستی حیزبوڵڵا و پشتیوانەکانی لە ئێران لە خاکی ئورووپا کورت دەکاتەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە؛ لیتۆنی لە گەمارۆکانی ئەمریکا دژی حیزبوڵڵا پشتیوانیی کردووە و هاتووچۆی کەسانی پێوەندیدار بە حیزبوڵڵا بۆ ئەو وڵاتەی قەدەغە کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا باسیکردووە کە پەیوەستبوونی وڵاتانی ئورووپا، ئامریکای لاتین و وڵاتانی دیکە بۆ ناساندنی حیزبوڵڵا وەکوو گرووپێکی تێرۆریستی، دەورەیەکی نوێ نیشان دەدات.
ناساندنی حیزبوڵڵا بە گشتی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی، بە مانای ئەوەیە کە لەنێوان لقی سیاسی و لقی نیزامیی ئەو ڕێکخراوەیە هیچ جیاوازییەک نییە.
جێی ئاماژەیە کە، حیزبوڵڵای لوبنان ساڵی ١٩٨٢ی زایینی لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دامەزرا و بە پشتیوانی و هاوکاری دارایی و سیاسیی و سەربازیی ڕێژیمی ئێران کەرەستەیەکە بۆ تێرۆر و تۆقاندن و ئاژاوەنانەوە لە لوبنان بە تایبەتی و لە ناوچەکە و جیهاندا بە گشتی.