لەماوەی مانگی ڕابردووی زایینی، لانیکەم ٢٠ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و یان بریندار بوون.
ڕۆژی سێ شەممە ١١ی سەرماوەزی ١٣٩٩، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاهۆ سەر بە شاری ڕوانسەر بە ناوی “حەدید باباجانی” بەهۆی تەقینەوەی مین لە سنوورەکانی نەوسوود لاقێکی لەدەست دا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ناوبراو تازە ژنی مارە کردبوو و بۆ دابینکردنی تێچووی زەماوەندەکەی لە بەر بێکاری و بە ناچار ڕووی لە کۆڵبەری کردبوو.
جێگای ئاماژەیە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی سەرماوەزیش کۆڵبەرێک بە ناوی ‘شێروان مووساپەنا” خەڵکی ناوچەی سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران بریندار ببوو و هەروەها “خدر ڕەسوڵی” لە کاتی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی سەر سنوور لە بەرزاییەکانی نەنۆری بانە هەڵدێرابوو و بە سەختی بریندار بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ههەواڵدەرییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانیکەم ٢٠ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و بریندار کراون کە سەتا ٨٠ی ئەو حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران بووە.
لەو ماووەیەدا ٦ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و ١٤ کۆڵبەریش بریندار بوون که بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشوو سەتا ٢٥ بەرز بووەتەوە
زیاترین ژمارەی کوژران و بریندار لە پارێزگاکانی کرماشان و ورمێ تۆمار کراوە کە هەر کامەیان ٧حاڵەت بووە.