هەواڵی کۆچی دوایی تێکۆشەر، مامۆستا بەهائەدین نووری بەهۆی پەتای کۆڕۆنا خەمباری کردین.
بەڕێز بەهائەدین یەکێک لە سیاسەتوانانی دێرین و دیاری بزووتنەوەی چەپی کورد و عێراقە کە خەباتێکی بێوچانی لەپێناو ماف و ئازادییەکانی گەلەکەیدا کرد و لەو ڕێگایەدا ڕەنج و زەحمەتێکی زۆری کێشا. ڕەوانشاد لە هەموو سەنگەرەکانی خەباتدا، چ خەباتی نهێنی و چ خەباتی ئاشکرا لە شار و شاخدا بەشدارییەکی بەرچاوی هەبووە و لەو سۆنگەیەشەوە کەوتۆتە بەندیخانە و کەوتۆتە بەر ئەشکەنجە و ئازاری دژمنانی کورد و تەنانەت حوکمی ئێعدامیشی بەسەردا سەپاوە.
بەهائەدین نووری لە خەباتی دوورودرێژیدا بۆ قۆناغێکیش سکرتێری حیزبی شیوعیی عێراق بووە و دوای دابڕانی لە حیزبی شیوعی “”بزووتنەوەی ئازادیخوازانی کوردستان””ی دامەزراندووە و ڕۆڵی بەرچاوی لە سەرکردایەتیی ئەم دوو حیزبەدا هەبووە.
ڕەوانشاد بەهائەدین نووری دۆستایەتییەکی لەمێژینە و گەرموگوڕی لەگەڵ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و ڕێبەرانی حیزبەکەمان هەبوو. بەڕێزیان کەسایەتییەکی سادق لە بزووتنەوەی چەپ و سیاسەتمەدارێکی دڵسۆزی ڕێبازی کوردایەتی بوو، و تا کۆتایی تەمەنی لە سەنگەری خەبات و تێکۆشانی مافخوازانەی نەتەوەکەیدا مایەوە و لە بواری نووسینیشدا خزمەتی زۆری بە ڕوونکردنەوە و ساغکردنەوەی مێژووی خەباتی نەتەوەی کورد کرد.
بەبۆنەی ماڵاوایی یەکجاریی کۆچکردوو بەهائەدین نووری سەرەخۆشی لە بنەماڵە و ئازیزانی بەڕێزیان و بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و دێموکراسیخوازانەی کوردستان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.
سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان