لە کۆبوونەوە لە گەڵ وەزیری دەرەوەی” بەحرەین” دا، پۆمپێئۆ ڕێژیمی ئێرانی بە یەکەم هەڕەشە بەسەر بە ئاسایشی کەنداو و خەڵکی ئاشتی خوازی ناوچەکە ناوبرد.
وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و بەحرەین لە یەکەمین کۆبوونەوەی ستراتیژیکی دوو وڵات لەسەر گرینگیی هاوکاری واشینگتۆن و وڵاتانی ناوچەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لەو ناوچەیەدا جەختیان لەسەر هاوکاری بۆ کۆتاییهێنان بە ئاژاوەگێڕی و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و جیهاندا کردەوە.
مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هاوتا بەحرەینییەکەی، عەبدولەتیف ئەلزیانی، ڕۆژی سێشەممە ١١سەرماوەزی ٩٩هەتاوی یەکەمین کۆبوونەوەی ستراتیژیکی هەر دوو وڵات، بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە برد.
پۆمپێئۆ لەو کۆبوونەوەیەدا گوتی؛ سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشار”ی ئەمریکا، ڕێژیمی ئێرانی بەستۆتەوە و دەستگەیشتنی بە سەدان میلیارد دۆلار بۆ پەرەپێدانی تێرۆر و کردەوەی تێکدەرانەی لەو ڕێژیمە بڕیوەتەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە “جەوهەری توندوتیژانەی ڕێژیمی ئێران” گوتی؛ هەرکات قسە لەسەر ڕووبەڕووبوونەوە دژ بەو ڕێژیمە دێتە ئاراوە، ڕاستەوخۆ ئیسرائیل هاوپەیمانێکی گرینگە.
پۆمپێئۆ، ڕێژیمی ئێرانی بە یەکەم هەڕەشە بەسەر بە ئاسایشی کەنداو و خەڵکی ئاشتی خوازی ناوچەکە ناوبرد.
هەروەها ناوبراو بە ئاماژە بە ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی ئیسرائیل و بەحرەین و ئیماراتی یەکگرتوو گوتی؛ ئەم وڵاتانە لە حەوتووەکانی داهاتوودا پەیمانی ڕێککەوتنگەلێکی جیاواز لە ئاستی دەزگای هەواڵگری و خزمەتگوزاری و ئابووری دەکەن و هەروەها گوتیشتی؛ هیوادارام ولاتانی زۆرتریش پێوەندی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کردەوە تێکدەرانەکانی ڕیژیمی ئێران.