دایە نازدار عەزیزی دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
رۆژی سێ شەممە ١١ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، دایە نازدار عەزیزی خەڵکی گوندی “قەڵای عەلاکۆ” سەر بەناوچەی ئاڵەشینی بۆکان کۆچی دوایی کرد.
دایە نازدار کوڕێکی قارەمانی بەناوی رەحمان ئیبراهیم پوور ناسراو بە “رەحمان بوردزیل” یەکێک لەفەرماندە قارەمانەکانی مەڵبەندی بۆکان بوو کەساڵی ١٣٦٢ لەئاوایی قاجر بەبرینداری بەدیل گیرا، ڕەحمان کە بە شیری پاکی ئەو دایکە قارەمانە گۆچ کرابوو لە سیاچاڵەکانی رێژیمدا لە ژێر دڕندەترین ئازار و ئەشکەنجەی جەلادەکانی تاریک پەرستان بەچۆک دانەهات و وەفادار بەرێبازی دێموکرات مایەوە و ئەو بڵێنەی دابووی بە نیشتمان و گەل و حیزبەکەی بردییە سەر.
لەمزگەوتی گشتیی بۆکان بردیانە ناو خەڵک پییان گوت ئەگەر بڵێی “پەشیمانم و مەرگ بۆ حیزبی دێموکرات دەتبەخشن و ئازادت دەکەین” بەڵام تا ئەو ساتەوەختەی هێز لە لەشیدا مابوو بەدەنگی بەرز گوتی بژی حیزبی دێموکرات.
هەروەها کاتێک کە ڕەحمان گولـلەباران کرا و بە دەستی داگیرکەران شەهید کرا،لەکاتی بەخاکسپاردنیدا، دایە نازدار و هاوسەرەکەی، باوکی شەهید رەحمان، لە هەمانکاتدا کە جەرگیان لەتاو کوڕە شەهیدەکەیان وەک گرکان دەکوڵی سەبەرزانە هاواریان دەکرد، کەس بۆی نیە بۆ رەحمان بگری ،رەحمان لە پێناو نەتەوەکەیدا سەریدانا بۆ نیشتمان ژیاو بۆ نیشتمانیش مرد و ئازایانە گیانی خۆی فیدا کرد شانازی پێوە دەکەین، ئێوەش شانازی پێوە بکەن.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتەوە بە بۆنەی کۆچی دوایی “دایە نازدار ڕەحمانی”یەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕیزیان و خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.