بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی “ئێران ئینتێرناشناڵ ” هێزەچەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە دوومانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٤٠کەسیان بە هۆی نووسینی دروشم بە دژی ڕێژیمی ئێران لە شوێنە گستییەکان دەسبەسەر کردووە.
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا و لە ساڵەوگەڕی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، هێزەچەکدارەکانی لە ترسی سەرهەڵدانەوەی دووبارەی ناڕەزایەتییەکان لە هەموو شارە گەورەکانی ئێران بە تایبەتی لە تاران جێگیر کردبوو و خەڵکیش بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتیی خۆیان دژبە ڕێژیمی ئێران و یادکردنەوە لە کوژراوان و دەسبەسەر کراوانی ناڕەزایەتییەکان، لە سەر دیواری شوێنەگشتی و قەرەباڵغەکان بە نووسینی دروشم بە دژی ڕێژیمی ئێران و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان چالاکییەکیی بەربڵاویان بەڕێوە برد.
شایانی باسە کە بەدوای ئەم چالاکییانەی خەڵک بە دژی ڕێژیمی ئێران، هێزەچەکدارەکانی ڕێژیم زیاتر لە ٤٠ کەسیان لەم پێوەندییەدا دەسبەسەر کردوەو و لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەدا دەیانهەوێت دانپێدانانی زۆرەملێیان لێوەربگرن و بڵێن کە ئێمە لە کاتی دروشم نووسیندا ئاگامان لە خۆمان نەبووە و ماددەی سڕکەرمان بەکارهێناوە.
جێگای ئاماژەیە کە زۆربەی هەرە زۆری دروشمەکان بە دژی “عەلی خامنەیی” و سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بووە و بەرپرسانی سپای پاسدارانیش بە وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و تۆمەتبار کردنیان بە بەکارهێنانی ماددەی سڕکەر دەیانهەوێت دەسبەسەرکراوان بنێرنە کەمپەکانی تووشبوانی ماددە سڕکەرەکان.