وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند کە بە گیان لەدەستدانی ٣٧١ کەس لە ٢٤کاتژمێری ڕابردوودا بە هۆی پەتای کۆرۆناوە ئاماری گیان لەدەستدان بە هۆی ئەم پەتایەوە لە ئێران گەیشتە چل و هەشت هەزار و ٢٤٦کەس.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری”ئیرنا” ڕۆژی دووشەممە١٠ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، سیما سادات لاری، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە، سەرەڕای قەدەغەی هاتووچۆ و داخستنی شوێنە گشتییەکان ئاماری گیان لەدەستدان بە هۆی پەتای کۆرۆناوە لە هەموو شارەکانی ئێران لە هەڵکشاندایە.
ناوبراو لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا دەڵێ: بارودۆخی ئێستای نەخۆشخانەکان زۆر ئاڵۆزە و تائێستا لە هەموو نەخۆشخانەکانی ئێران زیاتر لە ٥هەزار و٨٥٢کەس لە بارودۆخێکی خراپ دان و لە ژێر چاوێری چڕدان.
لاری، بە ئاماژە بە ماندوویەتی کادری دەرمانیی لە نەخۆشخانەکان و مەترسیدار بوونی ئەم پەتایە، داوا لە هەموو خەڵکی ئێران دەکا کە ڕێنوێنییە تەندروستییەکان ڕچاو بکەن و ئەگەر کارێکی زۆر پێویستتان نەبوو لە ماڵەکانتان بمێننەوە و لە شوێنە گشتیەکان قەرەباڵغی ساز نەکەن.
جێگای ئاماژەیە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەهۆی کەمتەرخەمی بەرپرسانی باڵای وەزارەتی تەندروستی ڕێژیمەوە ئاماری گیانلە دەستدان بە بەراورد لە گەڵ هەموو پاریزگاکانی ئێران، زۆر زیاترە بە جۆرێک کە لە کۆی ٥ پاریزگاکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژانە زیاتر لە ٥٠کەس بە هۆی پەتای کۆرۆناوە گیانی لە دەستدەدات.
شایانی باسە کە ئەو ئامارانەی وەزارەتی تەندروستی ڕێژیمی ئێران بڵاوی دەکاتەوە تەنیا ئاماری ئەو کەسانەن کە سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن و ناویان تۆمار دەکرێ دەنا ڕۆژانە بە دەیان کەس لە شارەکانی ئێران بە هۆی داهاتی کەم و باری خراپی ئابووری ناتوانن سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن و لە بێدەنگیدا بە هۆی پەتای کۆرۆناوە گیانیان لە دەستدەدەن.