کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی خەڵک و پەرەپێدانیئ بیرۆکەی منداڵ بەشوودان لە لایەن ریژیمەوە وایکردووە کە لە ئێراندا تەنیا لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا زیاتر لە ٧ هەزار کچی ژێر تەمەن ١٤ساڵ بە شوو بدرین.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی هێرانا، بەپێی ئامارەکانی ناوەندیی ئاماری ئێران، لە ۳ مانگەی سەرەتای ساڵی ۹۹ی هەتاوی، بە شوودانی زیاتر لە ۷ هەزار کچی ژێر تەمەنی ۱۴ ساڵ لە ئێراندا تۆمار کراوە. هەر وەها لە نێوان ساڵەکانی ۹۵ تا ۹٨ی هەتاوی، لانیکەم ۱۳۰ هەزار کچی ژێر تەمەنی ۱۴ ساڵ و زیاتر لە ۱۰۰ هاوسەرگیری کوڕانی ژێر تەمەنی ۱۵ ساڵ تۆمار کراوە.
زیان وێکەوتنی جەستەیی و دەروونیی سەرچاوەگرتوو لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیی لە تەمەنی مناڵیدا، زەبرگەلی قەرەبوو نەکراو لە سەر ژیانی کچان و بە تایبەت دووگیانیی ژێر ۱٨ ساڵ، گیانلەدەستدانی دایکان، خەمۆکیی و زۆر جار هەوڵدان بۆ خۆکوژیی لە پەنا زیان وێکەوتنەکانی وەک تەڵاق، بەجێمان لە خوێندن و بەردەوامیی گەڕی هەژاریی فەرهەنگی و ئابوورییە.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئێران، زیاتر لە ۹۵ هەزار لێکجیابوونەوەی (تەڵاق) ژنانی ژێر تەمەنی ۱۹ ساڵ لە نێوان ساڵەکانی ۹۰ تا ۹۴ی هەتاویدا تۆمار کراوە کە لەو ڕێژەیە ۵ هەزار و ۷۶۰ لەو تەڵاقانە پێوەندیدار بە پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی ژێر تەمەنی ۱۵ ساڵ بووە.