کاسبکارێکی کورد لە شاری سەبزەوار لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم گیانی لەدەستدا.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، ڕۆژی هەینی ٧ سەرماوەزی ۹۹ی هەتاوی، هاونیشتمانییەکی کورد خەڵکی شاری سەقز بە ناوی “سیامەک کەریمی” لەلایەن هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە گومانی پێبوونی باری قاچاغ تەقە لە ماشینەکەی دەکرێ و گیانی لەدەست دەدا
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە کاتێک سیامەک بەرەو شاری سەقز دەگەڕێتەوە، بە گۆمانی ئەوەی کە باری قاچاخی لە ناو ماشینەکەیدا هەیە، هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سەبزەوار، لە ناوەڕاستی ڕێگای فومەن بۆسەی بۆ دادەنێنەوە و لەکاتی گەیشتنی ماشێنەکەی و لە ئەنجامی تەقەکردنی ڕاستەوخۆ ناوبراو گیانی لەدەستدەدا.
شایانی باسە کە پاش دوو ڕۆژ گەڕان و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی کە داوای تەرمی ناوبراویان کردوە، کاتێک چاویان پێیدەکەوێ هەموو کەلوپەلەکەی تەنانەت کاتژمێرەکەی دەستی، پووڵ و موبایلەکەشیان بردووە.
جێگای ئاماژەیە، سیامەک کەریمی خێزاندارە و کچێکی تەمەن پێنج ساڵەی هەیە.