ڕۆژنامەی لوبنانی” لوریان لۆژۆر”: ئیسماعیل قائانی لە سەفەرێکی شاراوەدا بۆ لوبنان داوای لە حەسەن نەسروڵلا، کردووە کە بەدژی ئیسرائیل هیچ چالاکییەک نەکات
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی لوبنانی”لۆریان لۆژۆر” ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران، لە سەردانێکی شاراوەدا بۆ لوبنان و لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ “حەسەن نەسروڵڵا” سکرتێری گشتی میلیشیا چەکدارەکانی حیزبوڵلای لوبنان داوای لە ناوبراو کردووە کە بە دژی دەوڵەتی ئێسرائیل هیچ جۆرە چالاکییەک بەڕێوەنەبەن.
هەر لەم ڕاپۆرتەدا هاتووەکە ئامانج لە سەردانە شاراوەکەی “ئیسماعیل قائانی” فەرماندەی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران بۆ لوبنان تەنیا ئەوەیە کە بە “حەسەن نەسروڵڵا” ڕابگەێنێت کە هیچ چالاکییەک بە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل نەکەن.
لەدرێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە کە “ئیسماعیل قائانی”، لە سەفەرە شاراوەکەیدا لە کۆبوونەوە لە گەڵ بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازی حیزبوڵلای لوبناندا جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە نابێ هیچ جۆرە کار و چالاکییەک بکەن کە بیانوو کەوێتە دەستی دەوڵەتی ئیسرائیل و بەم هۆیەوە بیهەوێت هێرشی سەربازی بەربڵاو بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران.
شایانی باسە کە بە کوژرانی”موحسێن فەخریزادە” سەرپەرشتی بەرنامەی ناوکی و مووشەکی ڕێژیمی ئێران و ئەندامی باڵای سپای پاسداران، پاش ئەویکە ڕێژیمی ئیران ئیسرائیلی بە کوشتنی ناوبراو تۆمەتبار کرد، نیگەرانییەکان لە هەمبەر تۆڵەکردنەوەی ڕێژیمی ئێران لە ئیسرائیل لە ناوچەکەدا زۆر بووە.
هەرلەم پێوەندییەدا بەرپرسێکی باڵای حیزبوڵڵای لوبنان گوتی: وڵامی ڕێژیمی ئێران بە کوشتنی فەخریزادە وڵامێکی توند و زەربەیەکی کاریگەر دەبێ.
جێگای ئاماژەیە کە لە دوای لێدوانەکانی بەرپرسانی حیزبولڵای لوبنان لە هەمبەر تۆڵەکردنەوەی ڕێژیمی ئێران لە ئیسرائیل “ئیسماعیل قائانی” فەرماندەی سپای قودسی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، خێرا و بە نەهێنی خۆی دەگەینێتە لوبنان و لە دانێشتنێکی شاراوەدا لە گەڵ بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازی حیزبولڵا داوایکردووە کە بەهیچ جۆریک و تا ماوەیەکی کاتی چالاکیی بەدژی ئیسرائیل بەڕیوە نەبەن.