پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هۆی نەخۆشییەو لە ناوچەی سەقز ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی”محەممەد شابازی” ناسراو بە جەبار، بە هۆی نەخۆشییەوە لەشاری سەقز ماڵاوایی لە ژیان کرد.
شایانی باسە کە کاک”محەممەدشابازی” لە سەرەتای دەسپێکردنی شۆڕشی ئاشکرای حیزبی دێموکراتەوە لە ساڵی ٥٧ی هەتاوییەوە بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لە بەرکردووە و بۆ بەرگری لە گەڵ و نیشتمانەکەی چەکی شەرەفی لە شانکردووە و تاساڵی ٦٢ی هەتاوی، لە ڕێزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بووە و دواتر لە سەر ئیزنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەڕاوەتە نێوخۆی وڵات و ساڵی ٧٢ی هەتاوی پێوەندی تەشکیلاتی بە حیزبی دێموکراتەوە دەگرێ و تاکاتی ماڵاوایی کردنی لە ژیان بەردەوام پێوەندی لە گەل حیزب هەبووە و تا دوا چرکەکانی ژیانی دڵی بۆ ئازادی کوردستان و گەلەکەی لێداوە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی کاک” محەممەد شابازی” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.