کۆڵبەرێکی خەڵکی ورمێ لەکاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران بە سەختی بریندار کرا.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی سپای پاسداران لە ناوچە سنوورییەکانی ورمێ تەقەیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە سەختی بریندار بووە.
سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایانگەیاندووە کە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بەناوی “ئایهان خدری” سەری بە سەختی پێکراوە و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە بنکە تەندروستییەکانی شاری ورمێ کراوە.
جێگای ئاماژەیە کە باری تەندروستی ئەو کۆڵبەرە لاوە کە باوکی دوو منداڵیشە، ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
شایانی باسە کە خەڵکی بێ دەرەتان و کەمداهاتی کوردستان بە ناچاری و بۆ دابینکردنی لانیکەمی بژیوی ژیانیان ڕوویان لە کۆڵبەری کردووە کە بە داخەوە هێزەچەکدارەکانی ڕێژیم بەردەوام لە سنوورەکان دەیانکەنە ئامانج و بە تەقەی راستەوخۆ دەیانکوژن و برینداریاندەکەن.