پێداگری زۆری کەسایەتییە ئایینییەکانی ڕێژیم، بۆ چارەسەری نەخۆشی کۆرۆنا بە شێوەی گیا دەرمانی، وەزارەتی تەندروستی ڕێژیمی ناچار کردووە کە شەربەتی”ئیمام کازم” بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشییە بباتە بواری تاقیکردنەوەوە.
نەفیسە حوسێنییەکتا، سەرپەرشتی دەفتەری گیادەرمانی کە پاشکۆی وەزارەتی تەندروستی ڕێژیمی ئێرانە ڕایگەیاند کە بە لێکۆلێنەوە لە سەر ٨٥ کەیس لە سەر چارەسەری پەتای کۆرۆنا بە شێوەی گیادەرمانی، ١٩ کەیس گەیشتۆتە قۆناغی کۆتایی و یەکیک لەو کەیسانە” شەربەتی ئیمام کازم”ە کە دەبێ بچێتە بواری تاقیکردنەوەوە.
حوسینییەکتا، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئۆنلایندا گوتی: ئەو شەرەبەتەی “ئیمام کازم” بە هۆی ئەوەیکە ناوی ئیمامێکی لە سەر دانراوە و ئەوکەسەی دروستی کردووە ئیدعای ئەوە دەکا کە پێش بە تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا دەگرێ و چارەسەری خێرای ئەم پەتایە دەکا و ئەو کەسەی ئەم شەربەتە بەکار دێنێ تووشی پەتای کۆرۆنا نابێ گوتی: دەبێ ئەم داوایە بچێتە بواری تاقیکردنەوەوە.
ناوبراو بە جەختکردنەوە لە سەر ئەوەیکە دەبێ بۆ پشتڕاست کردنەوەی ئەم داواکاری و ئیدعایە ناوەندە ئایینییەکان بڕیاری لە سەر بدەن گوتی: ئەگەر بەڵگەیەک کە بیسەلمێنێ ئەم شەربەتە چارەسەری نەخۆشی کۆرۆنا دەکا لە بەردەستیاندا بێ دەبێ بیدەن بە وەرزارەتی تەندروستی تا بزانین بە چ شێوەیەک دەتوانین لەم شەربەتە کەڵک وەربگرین.
هەروەها حوسینی یەکتا، لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا بە جەختکردنەوە لە سەر ئەوەیکە ئەو دەرمانانەی کە بە شێوەی گیادەرمانی بۆ چارەسەر دەدرێن بە نەخۆشەکان ئەگەر بە شێوەی زانستی بسەلمێندرێ کە پەتای کۆرۆنا چارەسەر دەکا، ئەوە دەدرێ بە کۆمیتەی زانستی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.
شایانی باسە کە سەرەڕای ئەوەیکە هەموو وڵاتانی جیهان هەموو هێز و وزەی خۆیان و گڕ خستووە کە بتوانن دەرمانێک بۆ چارەسەری ئەم پەتایە ببیننەوە، ڕێژیمی ئێران، بەردەوام هەرجارە و بە شیوازێک گاڵتە بە هەست و شعووری خەڵکی ئیران دەکا، لە ماوەی پێشوودا میزی وشتر و ڕۆنی بەنەفشە وزۆر شتی دیکە و ئێستاش بانگەشە بۆ شەربەتێک دەکەن و لەم ڕێگایەوە دەیانەوێ کە بیری مەزهەبی بەسەر زانست و تێکنۆلۆژیدا زاڵ بکەن و بەردەوامن لە هەڵخەڵەتاندن و بەلاڕێدا بردنی هەست و بیرۆکەی خەڵکی ئێران.