بەپێی هەواڵی کاناڵی ١٣ی تلویزیونی ئیسرائیل، “حەسەن نەسروڵا” ڕێبەری حیزبوڵڵای لوبنان، لە پەناگە خۆی حەشار داوە و جموجۆڵەکانی خۆی کەم کردۆتەوە.
ئەو کاناڵە ڕایگەیاند کە “نەسروڵڵا” دوای ئەوەیکە یەکێک لە بەرپرسانی بەرنامەی ناوکی ئێران لە هێرشێکدا کوژرا ، هەموو جۆرە جموجۆڵێکی خۆی ڕاگرتووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕێبەری حیزبوڵڵای لوبنان کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێ و ساڵانێکە یەکێک لە ئامانجەکانی ئیسرائیل لە ناوبردنی حەسەن نەسڕوڵڵایە خۆی حەشار داوە و هێندێک کەس گاڵتە بە مانەوەی ناوبراو لە حەشارگە دەکەن و دەزانن ترسی لێنشتووە.
جێگای ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیسرائیل بە بەرپرسی کوژرانی “موحسێن فەخریزادە” ئەندامی پلە بەرزی سپای پاسداران و کەسی یەکەمی بەرنامەی ناوکیی ئێران دەزانن و هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە تۆڵەی فەخریزادە لە ئیسرائیل دەکەنەوە.
شایانی باسە کە ئیسرائیل لە ئەگەری هێرشی ئێران، باڵوێزخانەکانی خستۆتە ئامادەباشی تەواوەوە. سەرەڕای ئەوانەش ئیسرائیل ئەرتەشەکەی خۆی لە دۆخی ئاسایی دا هێشتۆتەوە و ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە پێشبینی دەکری هیچ هێرشێکی نیزامی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە لوبنان و سووریە لە گۆڕیدا نییە.