زیباکەلام، چالاکی سیاسی ڕێفۆرمخواز، لە وتووێژێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێ: بە هاتنی جۆبایدن و بوونی بە سەرۆککۆماری ئەمریکا، هیچ ئاڵۆگۆڕێک لە سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمریکا لە هەمبەر ئێران پێک نایە.
سادق زیباکەلام، مامۆستای زانکۆ و چالاکیی سیاسی ڕێفۆرمخواز، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لە گەڵ ڕۆژنامەی” ئارمانی مللی” گوتی: بە هاتنە سەرکاری “جۆبایدن” وەکوو سەرۆککۆماری ئەمریکا، چاوەڕوان ناکرێ کە هێچ ئاڵوگۆڕێک لە سیاسەتەکانی دەرەوەی دەوڵەتی ئەمریکا، بە تایبەت لە هەمبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بێتە گۆڕێ.
ناوبراو دەڵێ: من لە سەر ئەو باوەڕەم کە بە هاتنی “بایدن” هیچ ئاڵوگۆڕێکی سیاسی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا نابیندرێ و ڕاستییەکە ئەوەیە کە دوژمنایەتی نێوان ئەم دوو وڵاتە لە کردەوەدا بەردەوام دەبێ.
زیباکەلام لە درێژەی وتووێژەکەیدا گوتی: لە ماوەی هەموو ئەو ساڵانەی ڕابردوودا هیچ ئاڵوگۆڕێک لە سیاسەتی دوژمنایەتیکردنی ئەمریکا لە ئێراندا نەهاتۆتە گۆڕێ و دەتوانم بڵێم ئەم دژایەتییە زیاتریش بووە و بۆیە من لە سەر ئەو باوەڕەم کە بە هاتنە سەرکاری “جۆبایدن” هیچ لە بارودۆخەکە ناگۆڕدرێ و دوژمنایەتی و دژایەتیکردنی ئێران لە گەڵ ئەمریکادا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتردەبێ و پەرە دەستێنێ.
ناوبراو دەڵێ: تەنانەت ئەگەر ئێمە لە سەر ئەو باوەڕە بین کە ڕێککەوتنی “بەرجام” لە ساڵی١٤٠٠ی هەتاویدا دەستەبەر دەکرێ و لە ڕێککەوتنی ساڵی ٩٤ی هەتاوی پڕ دەسکەوتتر دەبێ، ئەوە دەبێ کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بگەڕێتەوە بۆ بەڵێنییەکانی لە ڕێککەوتنی “بەرجام” لە ساڵی٩٤ی هەتاوی و بە تەواوەتی بەڵێنییەکانی جێبەجێبکا.
سادق زیباکەلام، لە درێژەی ئەم وتووێژەدا گوتی: من وەکوو خۆم لە سەر ئەو باوەڕە نیم کە ڕێککەوتنی ئەم جارە لە ساڵی١٤٠٠ی هەتاویدا، سەرکەوتوو دەبێ یان لانیکەم ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە، بەڵام لە سیاسەتدا شتێک هەیە کە دەڵێ: هیچ کەس ناتوانێ بە متمانەی تەواوەوە باس لە داهاتووی سیاسی وڵاتێک بکا.
جێگای ئاماژەیە کە “جۆبایدن” سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی ئەوەیدابوو کە ئەگەر ببێتە سەرۆککۆماری ئەمریکا، دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی “بەرجام” و لە گەڵ ڕێژیمی ئێراندا دەگا بە ڕێککەوتن، بەڵام هەموو سیاسەتمەدارانی ئەمریکا و جیهانیش لە سەر ئەو باوەڕەن کە “جۆبایدن” هەروا بە ئاسانی ناتوانێ گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران لا ببات یان هەڵیانپەسێرێ، بە هۆی ئەوەیکە زۆربەی گەمارۆکانی سەرڕێژیمی ئێران دووبارە کراونەتەوە و گەمارۆی قورستر خراوەتە سەر هەموو جومگە ئابوورییەکانی ڕێژیمی ئێران، بە جۆرێک کە گەمارۆ نوێیەکانی دەوڵەتی “ترامپ” هیج پێوەندییەکی بە بەرنامەی ناوکی ئێرانەوە نییە و ڕێکخراوە هەرەگرینگ و جومگە ئابوورییەکانی ئێران کراونەتە ئامانجی گەمارۆکان.