ڕێژیمی ئێران کە لە ئێستادا لە هەموو لایەکەوە گوشاری خراوەتە سەر و ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم سەریان لێشێواوە، لە ڕێگەی کورتە نامەوە کە بۆ مۆبایلی هاووڵاتیانی دەنێرێ داوای هاوکاریی لێکردوون.
ڕێژیمی ئێران بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لە ڕێگای کورتە نامەی مۆبایلەوە ژمارەی پەیوەندیی “ستادی خەبەریی پاراستنی زانیاریی وزارەتی بەرگری” بۆ خەڵک ناردووە کە هاوکاریی بکەن.
لاوازیی دەزگا ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران کە لە دوای کوژرانی ”موحسین فەخریزادە” سەرپەرەستی بەرنامەکانی چەکی ناوکی و مووشەکی و بەرپرسی پلەبەرزی سپای پاسدارانی ڕێژیم، بۆ هەموو کەس ئاشکرا بووە و تەنانەت بەرپرسانی ڕێژیمش دانیان پێدا ناوە.
دوای کوژرانی ”موحسین فەخریزادە” چەندین بەرپرسی پلەبەرزی ڕێژیمی باسیان لەوە کردووە کە ئیسرائیل دزەی کردووەتە نێو شوێنە هەستیار و دەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا ڕێکەوەتی ٢٤ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، ڕۆژنامەی ”نیۆیۆرک تایمز” لە زاری بەرپرسانی ئیتلاعاتی ئامریکا بڵاویکردبووەوە کە کەسی دووهەمی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە سێ مانگ لەمەوبەر لە شەقامی پاسدارانی شاری تاران لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراوە.
ئەو ڕووداونە کە بە پێچەوانەی ئیدیعاکانی ڕێژیمی ئێران نیشانیاندا کە دەزگا ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لەو پەڕی لاوازیی و بێهێزیی خۆیاندان.