ڕۆژنامەی کەیهان: دەبێ جۆرێک هێرش بکرێتە سەر بەندەری “حیفا” کە بە تەواوەتی لە ناو بچێت و کوژراوێکی زۆری لێبکەوێتەوە.
ڕۆژنامەی کەیهانی، سەربە “عەلی خامنەیی” ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێ: ئەگەر گومانی کوژرانی” موحسین فەخریزادە” لە لایەن ئیسرائیلەوە ڕاست بێ و شۆرای باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران پشتڕاستی بکاتەوە، ئەوە دەبێ وەها هێرشێکی قورس بکرێتە سەر بەندەری “حیفا ” کە کوژراوێکی زۆری لێبکەوێتەوە.
ڕۆژنامەی حکوومەتیی “کەیهان” کە سەر بە “عەلی خامنەیی”یە ڕۆژی یەکشەممە ٩ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژە بەوەیکە گومانی ئەوەیکە ئیسرائیل لە کوشتنی”موحسین فەخریزادە” سەرپەرشتی بەرنامەی ناوکی و مووشەکی ئێران دەستی هەبووبێ زۆرە و هەموو بەڵگەکان سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن.
موحسین فەخریزادە، جێگری وەزیری بەرگری ئێران و بەرپرسێکی باڵای سپای پاسدارانی ڕێژیم و زانایەکی بواری ناوکی بوو کە ڕۆژی هەینی ٧ی سەرماوەز بە هۆی تەقینەوەی ماشین و تەقەی ڕاستەوخۆ لە ناوچەی “ئابسەرد”ی دەماوەند کوژرا.
ڕۆژنامەی کەیهان، لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەنووسێ: دەبێ بۆ تۆڵەکردنەوەی کوشتنی “موحسین فەخریزادە” جۆرێک هێرش بکرێتە سەر ئەو ڕێژیمەوە و زەربەی لێبدەین کە خەونی هێرش کردنە سەر هێزەکانی ئێران و ناوەندە ئێرانییەکان لە هەر شوێنێک بێ لە “ئابسەرد”ەوە تا “کاراکاس” لە دوژمنانی کۆماری ئیسلامی تێکبدەین و نەوێرن بڕیاری بەو جۆرە بدەن.
ڕۆژنامەی “کەیهان” بە ئاماژە بەوەیکە ئێران لە وڵامی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیلدا چەندین جار ڕایگەیاندوە کە ئەگەر ئیسرائیل هەڵەیەک بکا و بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەوێتە مەترسییەوە، هێرش دەکاتە سەر بەندەری”حیفا” و دەڵێ: ئێستا وای دادەنێین کە گومانەکان لە سەر ئیسرائیل ڕاستە و ئیسرائیل” موحسین فەخریزادە”ی کوشتووە، دەتوانین ئەم هەڕەشەیەمان بکەینە ڕاست و بە جۆرێک هێرش بکەینە سەر بەندری “حیفا ” کە ئەم شارە گرینگە بەندەرییە بە تەواوەتی لە ناو ببەین.
شایانی باسە کە زۆرترین ناوەندە گرینگەکانی حکوومەتی و ئابووری ئیسرائیل لە دوو شاری گرینگی” حیفا و تێلاڤیڤ” دایە و ئەم دوو شارە لە شارە گرینگ و ستراتیژییە سیاسییەکانی ئیسرائیلە.
جێگای ئاماژەیە کە ئیسرائیل، بەردەوام هێرشی ئاسمانی کردۆتە سەر بنکە و بارەگاکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە و بە سەدان جار هێزە میلیشیا چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانی لە ناو بردووە و تەنانەت چەندین هێرشی ئێلکترۆنی کردۆتە سەر بنکە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران نەیوێراوە کە باسیشیان بکا و لە ڕۆژی شەممەوە دەوڵەتی ئیسرائیل لە ئامادەباشی تەواودایە و بە هەموو باڵوێزخانەکانی لە هەموو وڵاتانی جیهانی ڕاگەیاندووە کە لە ئامادەباشیدا بن بۆ وڵامدانەوەی ئەگەری هەر هێرشێک لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە.