هاوڵاتییەکی کوردی خەڵکی ورمێ، پاش ١٤ مانگ بەندکران، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، “مەسعوود حاجی زادە”، هاوڵاتیی تەمەن ٤٥ ساڵان و خەڵکی شارۆچکەی “سێرۆ”ی سەربە ناوچەی سۆمای برادۆستی ورمێ، لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی “ورمێ”وە، بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” لە ڕێگای ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.
دانیشتنی دادگای “مەسعوود حاجی زادە”، سەرەتای مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ بە سەرۆکایەتیی دادوەر “شێخلوو” بەڕێوە چووە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڕیاری دادگای پێ ڕاگەیاندراوە.
شایانی باسە کە “مەسعوود حاجی زادە” ڕۆژی سێ شەممە ١٦ی ڕەزبەری ٩٨ی هەتاوی، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای “ورمێ”وە دەستبەسەر کرابوو و لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەری ٩٨ی هەتاوی، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرابووەوە و لەم کاتەوە تا ئێستا بە بێ هەبوونی مافی مەرەخەسی، لە بەندیخانەدایە.