دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەی کە گەڵاڵەیەک بە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران دراوە بۆ ئەوەیکە پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێران سزای قورس بدرێن، پارلمانتارێکی ئەفغانستان دژکردەوەی نیشان دا.
بەپێی ئەو گەڵاڵەیەی مەجلیسی ڕێژیم پەنابەرانی بیانی و لەوانە ئەفغانییەکان کە نایاسایی دەچنە ئێران بە ٢٥ ساڵ بەندکردن و ١٠٠ میلیۆن تمەن پارە سزا بدرێن.
مریەم سەما پارلمانتاری ئەفغانستان، لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا نووسیویەتی: ڕێژیمی ئێران دەیهەوێ کوشتنی ئەفغانییەکان لە ڕیگای یاساییەوە جێبەجێ بکا.
لەلایەکی دیکەوە “نوور ڕەحمان ئەخلاقی” بەرپرسی وەزارەتی پەنابەرانی ئەفغانستان ئەو کارەی ڕێژیمی ئێرانی بە نایاسایی و مەترسیدار و دژی مافاکانی مرۆڤ ناودێر کردووە.
“ئەخلاقی” لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا نووسی: هیوادارم ناوەرۆکی ئەو گەڵاڵەیەی کە لەلایەن چەند نوێنەری ڕێژیمی ئێرانەوە سەبارەت بە ئەو ئەفغانییانەی نیشتەجێی وڵاتی ئێرانن خراوەتە ڕوو، بە سەرنجدان بە یاسای دراوسێیەتی و مافی مرۆڤی بێت”.
لە ساڵی ڕابردوودا جەنازەی بێگیانی پەنابەرانی ئەفغان لە ڕووبارێکدا دۆزرایەوە کە دەرکەوتبوو مەئموورانی سنوورپارێزیی ڕێژیمی ئێران لە ڕووباریان هاویشتبوون.