حاجی قادر سوڵتانی، پێشمەرگەی هێزی بەرگری کوردستان لە مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، چەند ڕۆژ پێش حاجی” قادر سوڵتانی” پێشمەرگەی هێزی بەرگری کوردستان و خەڵکی ئاوایی”دێمەسوور”ی ناوچەی شامات، بە هۆی بەساڵاچوویی و لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا، کۆچیدواییکرد و بۆ هەمیشە دڵە گەورە و پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
شایانی باسە کە حاجی “قادر سوڵتانی” ناسراو بە “قادری حاجی ساڵە” خەڵکی ئاوایی “دێمەسوور”ی ناوچەی شامات، کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و پێشمەرگەی هێزی بەرگری کوردستان بوو کە زۆر بیرەوەری لە سەردەمی کۆماری کوردستان و قوربانیدانەکانی دەیەکانی ٣٠ و ٤٠ی هەتاوی لە بیر و هزریدا بوو و یەکێک لە ڕێبوارانی بە وەفای حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو.
لە گەڵ دەستپێکردنی چالاکیی ئاشکرای حیزب لە ساڵی٥٧ی هەتاویدا کاک “حاجی قادر” وێڕای هەندێک کەسایەتی و گەورەپیاوانی دیکەی ناوچەی شامات، لە چوارچێوەی هێزی بەرگری کوردستاندا ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگانەی خۆی تا ساڵی ٦١ی هەتاوی گرتە ئەستۆ و رۆڵی بەرچاوی لە بەرگری لە خەڵکەکەی و پشتیوانی خەباتی حیزبەکەی گێڕا و تا دوا هەناسەکانی ژیانی دڵە پڕ هیواکەی بۆ ڕزگاری کوردستان لێیدەدا.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی حاجی” قادر سوڵتانی” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.