محەممەد جەواد ڕەشیدی، بەرپرسی پێشووی ئاسایش و پاراستنی دەزگای دادی ڕێژیمی ئێران، بە تۆمەتی دزی و گەندەڵی لە لایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.
هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، هەواڵی دەسبەسەرکرانی”محەممەدجەواد ڕەشیدی” بەرپرسی پێشووی ئیدارەی ئاسایش و پاراستنی دەزگای داد و بەرپرسی ئێستای پاراستنی شۆرای چارەسەری کێشەکانی بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن و دزی پشتڕاست کردەوە.
هەواڵدەری”مەشرق” ڕۆژی شەممە ٨ی سەرماوەزی٩٩ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێ: محەممەد جەواد ڕەشیدی، بەرپرسی پاراستنی شۆرای چارەسەری کێشەکان، بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل و گەندەڵی لە لایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.
جیگای ئاماژەیە کە ئەم هەواڵی دەسبەسەر کرانە لە کاتێکدا بڵاو کرایەوە کە ڕۆژی هەینی، یەکێکی دیکە لە بەرپرسانی ئیتلاعاتی مازەندەران بە تۆمەتی دزی و گەندەڵی دەسبەسەر کرا بوو.
شایانی باسە کە زۆربەی هەرە زۆری بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دز و گەندەڵن و بەپێی ڕاددەی بەرپرسایەتییەکانیان تاکوو توانیویانە و بۆیان هەڵکەوتووە سامانی گشتی وڵاتیان دزیوە و ناوە ناوە ڕێژیم بۆ سەرپۆش دانان لە سەر گەندەڵییەکانی دیکەیان بەرپرسێک دەسبەسەردەکا و بەمجۆرە دەیهەوێ سەرنجی ڕای گشتیی خەڵک بۆ لای خۆی ڕابکێشێ.