حەسەن ڕۆحانی، ئیسرائیلی بە کوشتنی “فەخریزادە” تۆمەتبار کرد و وتی: لە کاتێکی گونجاودا وڵامێکی توندتان دەدەینەوە.
سەرۆککۆماری ئێران، بەکاردانەوە لە هەمبەر کوژرانی “موحسین فەخریزادە”، سەرپەرەستی بەرنامەی ناوکی و مووشەکی ئێران و بەرپرسێکی باڵای سپای پاسداران، ئیسرائیلی بە کوشتنی ناوبراو تۆمەتبار کرد و گوتی: ئێران لە کاتێکی گونجاودا وڵامێکی توندی ئەم کارەتان دەداتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری “مێهر” ڕۆژی شەممە٨ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران، لە هەمبەر کوژرانی” موحسین فەخریزادە” سەرپەرەستی بەرنامەی ناوکی و مووشەکی ئێران، کە پاش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، لە ئابسەردی دەماوەند بە هۆی تەقینەوەی ماشینێک و دواتر بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژرا، ئەم ڕووداوەی وەکوو شکستی ئیسرائیل و وڵاتانی جیهان لە هەمبەر هێز و تواناییە ناوکی و مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێرانی لە ناوچەکە و جیهاندا ناوبرد.
ناوبراو بە تۆمەتبار کردنی ئیسرائیل، لە کوژرانی فەخریزادە گوتی: وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکان، بە کەڵک وەرگرتن لە هاوکاران و قوتابییانی فەخریزادە، جێگای بەتاڵی بەرپرسی بەرنامەی ناوکی و مووشکی ئێران پڕدەکەنەوە.
ڕۆحانی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: بەرپرسانی ئێران لە کاتێکی گونجاودا وڵامی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل و ئەو کەسانەی کە لەم پێوەندییەدا دەستیان هەبووە دەدەنەوە.
شایانی باسە کە دوو ساڵ پێشتر سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نەتانیاهوو، لە بەرنامەیەکدا بۆ یەکەمین جار “موحسین فەخریزادە” ئاشکرا دەکا و بە “پیاوی سێبەر” ناوی دەبا و دەڵێ: موحسین فەخریزادە بەرپرسی بەرنامەی ناوکی و مووشەکیی ڕێژیمی ئێران و هاوکات یەکێک لە بەرپرسانی باڵای سپای پاسدارانە، کە ڕێژیمی ئێران بۆ پاراستنی ناوبراو ئیزن نادات لە هیچ شوێنێک دەرکەوێ و بە توندترین شێوە ئەم پاسدارە دەپارێزن.
جێگای ئاماژەیە کە سەرەڕای پاراستن و شاردنەوەی” موحسین فەخریزادە” لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ڕۆژی هەینی، لە هێرشێکی چەکداریدا بە سزای خۆی گەیشت و بە ڕۆژی ڕووناک و لە دەورووبەری تاران کوژرا.