چالاکێکی کورد کە چەند مانگ لەمەوبەر وەک پەناخواز ڕووی کردبووە بریتانیا، مەترسیی دیپۆرت کرانەوە بۆ ئاڵمانی لەسەرە و ئەگەری ئەوەش هەیە لە ئاڵمانەوە دیپۆرتی ئێران بکرێتەوە.
نەوید قادری، پەناخوازی خەڵکی شاری سەردەشت، لە ڕۆژی چوارشەممە ۵ی سەرماوەزی ۹۹ی هەتاوی، بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرانبەر بڕیاری دیپۆرت کرانەوەی لە بریتانیاوە بۆ ئاڵمان لە بەندیخانەی “بروکهاوس”ی بریتانیا مانی لە خواردن گرتووە.
نەوید قادری دەڵێ: چوار مانگ لەمەوبەر و پاش ئەوەی داوای پەنابەرییەکەم لە لایەن وڵاتی ئاڵمانەوە ڕەت کرایەوە، هاتمە بریتانیا؛ بەڵام ئەوان پاش ئەوەی زانییان داوای پەنابەریی من لە ئاڵمان ڕەت کراوەتەوە، بەبێ هیچ جۆرە لێکۆڵێنەوەیەک داوای پەنابەریی منیان ڕەت کردەوە و بڕیاریان دا بۆ ئاڵمان دیپۆرت بکرێمەوە.
ئەم چالاکە کوردە کە ماستەری پەیوەندیی نێودەوڵەتییەکانی هەیە، ساڵی ۹۷ بە هۆکاری سیاسی و وەک پەناخواز چوو بوو بۆ ئاڵمان و لە پاش پێشکەش کردنی داوای پەنابەری و دوای قۆناغی پێداچوونەوە، داواکەی لە لایەن وڵاتی ئاڵمانەوە ڕەت کراوەتەوە. لە ئەنجامی ئەم ڕەت کرانەوەیەدا و بە هۆی ئەوەی مەترسیی دیپۆرت کرانەوە بۆ ئێرانی لەسەر بووە، خۆی گەیاندووەتە بریتانیا.