هاوڵاتییەکی خەڵکی سەوڵاوا بە ناوی “فەرزاد حوسێنی” سزای ۵ ساڵ و ۵ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان”فەرزاد حوسێنی”، خەڵکی گوندی دێوەزناوی سەر بە شاری سەوڵاوا، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدییەوە، سزای ۵ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێراو و تێپەڕاندنی ۵ مانگ بەندکران لە بەندیخانەی بەسەردا سەپاوە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سزایە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردی دژبەری ڕێژیم دەرچووە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە پارێزەرەکەی ڕاگەیاندراوە.
فەرزاد حوسێنی ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ۹٨ی هەتاوی، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیارانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش سێ مانگ و نیو، بە دانانی بارمتەی قورسی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کاتی دادگاییکردنی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
جێگای ئاماژەیە کە، فەرزاد حوسێنی ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە پاش بانگ کرانی بۆ دادگای شۆڕشی سنە، بە فەرمانی دادوەر سەعیدی دەسبەسەر کرابوو و بۆ ماوەی ۵۰ ڕۆژی دیکە لە گرتنگەکانی کامیاران و سنەدا ڕاگیرابوو.