وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند؛ موحسین فەخریزادە سەرپەرەشتیاری بەرنامەی ناوکی و مووشەکیی ڕێژیم لە ناوچەی ئابسەردی دەماوەند لە تاران کوژرا.
حوسێن دێهقان ڕاوێژکاری باڵای نیزامیی عەلی خامنەی، ئیسرائیل بە کوشتنی فەخریزادە تۆمەتبار دەکات.
بەپێی ڕاگەیاندنی فەرمیی ڕێژیمی ئێران “پرێس تی ڤی”، ڕۆژی هەینی٧ی سەرماوەزی ٩٩هەتاوی موحسین فەخریزادە سەرپەرەشتیاری بەرنامەی چەکی ناوکی و مووشەکی ڕێژیم لە دەورووبەری تاران کوژراوە، ئاژانسی “فارس نیوز”ی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم بڵاویکردەوە، موحسین فەخریزادە بریندار بووە و دواتر بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە پزیشکەکان نەیانتوانیوە ژیانی ڕزگار بکەن.
حوسێن دێهقان ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی عەلی خامنەی لە تویتێکدا ڕایگەیاند؛ ئیسرائیل بە پشتیوانیی هاوپەیمانەکانی ئەو کردەوەیەیان ئەنجامداوە و دەبێ بکەرانی ئەو کردەوەیە بزانن وەکوو برووسکە دەدەین بەسەریاندا و کارێک دەکەین پەشیمان ببنەوە.
بە وتەی “فارس نیوز” سەرەتا تەقینەوەیەک بووە و دواتر تەقە کراوە، موحسین فەخریزادە لەو هێرشەدا بریندار بووە و تەرمی سێ بۆ چوار کەس لە شوێنی ڕووداوەکە بیندراون کە بە وتەی ئاژانسی “فارس نیوز” تەرمی ئەو کەسانە بوون کە هێرشیان کردوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی فەرمیی ڕێژیمی ئێران “ئیرنا” ڕایدەگەیەنێت کە، موحسین فەخریزادە لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریدا کوژراوە و دواتر زانیاریی زیاتریش لەبارەی هێرشبەرەکان بڵاودەکەنەوە.
جێی ئاماژەیە کە، موحسین فەخریزادە بە “سندووقی رەشی” دۆسییەی بەرنامەکانی چەکی ناوکی و مووشەکی رێژیمی ئێران دانراوە و بەرپرسێکی باڵای سپای پاسدارانی ڕێژیمیش بووە.
هەر لە درێژەی کوژرانی بەرپرسانی دەسەڵاتداری ڕێژیمی ئێران، “ئەمین محەممەد یووسفی” یەکێک لە مەئموورەکانی هێزی ئینتزامیی ڕێژیم لە پارێزگای یاسووج کوژرا.
ئەو مەئموورەی هێزی ئینتزامیی ڕێژیم پلەی “ئۆستوار یەکەمی” هەبووە.
هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، ئەو مەئموورە لە تێکهەڵچوون لەگەڵ کەسانی چەکدار کوژراوە و ناوبراو لە کەڵانتەریی “چالشتەر” کاری کردووە.
ماوەیەک پێشتریش هەر لەو پارێزگایە دادوەرێکی ڕێژیم لەلایەن خەڵکەوە کوژرابوو.