کچێکی خەڵکی کرماشان دوای ئەوەی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، بەهۆی ڕێژەی زۆری سووتانەکەی گیانی لە دەستدا.
ماوەی ١٠ ڕۆژ پێش، ژنێکی کورد بە ناوی “لەیلا فەرهادی” تەمەن ٣٨ ساڵ، کە هەوڵی خۆسووتاندنی دابوو پاش ١٠ ڕۆژ گیانی لەدەست دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە ڕایگەیاند: ناوبراو، بەهۆی کێشەی بنەماڵەیی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو و پاش ڕەوانەکردنی بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری کرماشان و خەواندنی لەو نەخۆشخانەیە، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ، بەهۆی زۆریی ڕێژەی سووتانەکەی گیانی لەدەست دا.
شایانی باسە کە بە پێی ئامارەکانی ناوەندی پزیشکی یاسایی ئێران، لە ٨ مانگی ساڵی ۹۹ی هەتاوی، لانیکەم ۱۲۹ کەس لە شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگای خۆکوشتنەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و ئەو ڕێژەیە بە بەراورد لەگەڵ هاوشێوەی ساڵی پار سەتا ۲۵ بەرز بۆتەوە، هەژاری، بێهیوایی، خەمۆکی و قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە هۆکارە سەرەکییەکانن کە تاک پەنا دەبا بۆ ڕێگا هەڵەکان ولەوانە خۆکوژیی و کۆتایی بە ژیانی دێنێ.