حکوومەتی خودموختاری فلستین: ئەمادەین درێژە بە وتووێژەکانمان لە گەل دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی و پێکەوە ژیانێکی برایانە بدەین.
لە درێژەی سیاسەتی ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل و پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی بە هێز بە دژی سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران، حکوومەتی خودموختاری “فلستین” ڕەزامەندی خۆی دەربڕیوە بۆ دەسپێکردنەوەی وتووێژ و ڕێککەوتنی ئاشتی لە گەل ئیسرائیل.
ڕیاز ئەلمالکی، وەزیری دەرەوەی حکوومەتی خودموختاری فلستین ڕۆژی هەینی ٧ی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا هەواڵی هەوڵەکانی”ڕامۆڵڵا”ی بۆ دەسپێکردنەوەی وتووێژ و گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی و پێکەوەژیان لە گەڵ ئیسرائیل پشتڕاست کردەوە.
وەزیری دەرەوەی حکوومەتی خودموختاری فلستین لەم چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانییەدا گوتی: ئێمە پەیامگەلێکمان بۆ دەوڵەتی نوێی ئەمریکا لە واشینگتۆن و هەروەها وڵاتانی ئورووپایی ناردووە و لە پەیامەکەماندا ڕامانگەیاندووە کە ئێمە ئامادەین وتووێژەکانمان لە گەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی و پێکەوەژیانی برایانە درێژە پێبدەین.
هەروەها ناوبراو لە پەیامەکەیدا زۆر بە ڕوونی داوای لە “جۆ بایدن” سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوەی ئەمریکا کردووە کە لە وتووێژی نێوان فلستین و ئیسرائیل بەشدار بن و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە بە بێ بوونی ئەمریکا، هیچ ڕێککەوتنێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە ئامانج ناگات.
شایانی باسە کە وڵاتانی عەرەبی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەگەن بەو قەناعەتەی کە دەبێ بۆ کۆتایی هێنان بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و جێگیر بوونی سەقامگیری و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەدەستهێنانی هاوپەیمانییەکیی بەهێز بە دژی سەرەڕۆیی و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران، لە گەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا بگەن بە ڕێککەوتنی ئاشتی و لەم پێوەندییەشدا وڵاتی ئەمریکا بە هەموو هێز و توانایەوە هەوڵیداوە کە وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئێران بگەن بە ڕێککەوتنی ئاشتی و هاوپەیمانییەکی بەهێز لە ناوچەکەدا پێکبهێنن.