کەیومەرس نیازئازەری، بەرپرسی پێشووی ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای مازندەران، لە لایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.
هەواڵدەری فارس، کە سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانە، ڕۆژی هەینی ٧ی سەرماوەزی٩٩ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە “کەیومەرس نیازئازەری” بە تۆمەتی بەشداریکردن لە قاچاخی ٢هەزار کیلۆ تەڵا و گواستنەوەی بۆ دەرەوەی وڵات، لە لایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.
نیازئازەری، لە کاتی دامەزراندنی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە تا ساڵی٨٥ی هەتاوی، بەرپرسی ئیدارەی گشتی ئیتلاعاتی پارێزگای مازندەران بووە و بە دوای خانەنشین بوون لە کارەکەی زیاتر لە ١٠ ساڵ سەرۆکی زانکۆی ئازادی مازندەران بووە کە بە هاتنی”عەلی ئەکبەر ولایەتی” لە سەرۆکایەتی زانکۆ وەلانرا.
شایانی باسە کە کوڕەکەی ناوبراویش بە ناوی” مستەفا نیازئازەری” تۆمەتبارە بە گەندەڵی و دزی و لە ئێران هەڵاتووە و ڕووی لە وڵاتانی ئورووپایی کرووە.
پێویستە بگوترێ کە سەرەڕای ئەویکە خەڵکی ئێران لە بارۆدۆخێکی خراپی ئابووریدا دەژین، بەڵام بەرپرسانی دز و گەندەڵی ڕێژیم سەروەت و سامانی وڵات بە تاڵان دەبەن و لە نێوان چەند ساڵ جارێکدا ڕێژیم بۆ خۆی بەرپرسێکی دز و گەندەڵی دەکا بە مۆرەی سووتاو و بەم جۆرە دەیهەوێت سەرپۆش لە سەر گەندەڵی و دزییەکانی دیکەی دابنێ.